وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندێکی پزیشکی لە شاری غەززە، سەرۆکی بەشی فریاکەوتن و بەهاناچوون، هانی ئەلجەعفەراوی کوژراوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ کوژرانی جەعفەراوی، ژمارەی ئەو کارمەندە پزیشکیانەی لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، گەیشتووەتە 500 کارمەند. تا ئێستا لانیکەم 300کەسی دیکە دەستگیر کراون.
لە هەمان کاتدا سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە فەرماندەیەکی پلە باڵای حەماس بە ناوی محەمەد سەڵاح کراوەتە ئامانج لەو هێرشەدا، چونکە ئەو بەرپرسیارە لە پەرەپێدانی چەک بۆ حەماس.
سوپای ئیسرائیل دەشڵێت "سەڵاح ئەندامی پڕۆژەی پەرەپێدانی چەکی ستراتیژیی ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس بووە و فەرماندەیی ژمارەیەک تیمی تیرۆریستی حەماسی کردووە کە کاریان لەسەر پەرەپێدانی چەک کردووە."
لە شاری ڕەفەحی نزیک سنووری میسر، کە هێزەکانی ئیسرائیل ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور و ناوەڕاستی شارەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، دانیشتوان دەڵێن ئێستا هێرشەکانیان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکوور پەرەپێداوە.
بەپێی وتەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، تانکەکانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە بەرەو کەمپی پەنابەرانی مێواسی لە باکووری ڕۆژئاوای ڕەفەح پێشڕەوییان کردووە و زۆرێک لە خێزانەکان ناچاربوون بەرەو باکوور ڕوو لە خان یونس و دێرەلبەلاح لە ناوەڕاستی غەززە بکەن. ئەمانە تاکە ناوچەن لە غەززە کە تا ئێستا تانکی تێدا جێگیر نەکراون.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان "ئۆپەراسیۆنی ئامانجدار لەسەر بنەمای هەواڵگری" لە ڕەفەح ئەنجام دەدەن، چەک و موشەکهەڵگریان دۆزیوەتەوە و ئەو چەکدارانەیان کوشتووە کە "هەڕەشەیان لێدەکەن."
ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە هاووڵاتیانی مەدەنی بکاتە ئامانج و حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەی شەڕ لەنێوان هاووڵاتیانی مەدەنیدا دەکات بۆ زیادکردنی قوربانیانی مەدەنی. حەماسیش ئەوە ڕەتدەکاتەوە.
لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگ لە غەززە، دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.
بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 37,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.