وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا دەخوازێت 'دیواری دژایەتی' بەرامبەر پیشەسازی زیادەڕۆیی چین پێکبهێنرێت

جانێت یەڵن وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند دەیەوێت ئەو وڵاتانەی کە بازاڕی پێشکەوتوویان هەیە "بەرەیەکی دژایەتی" بەرامبەر بە چین نیشان بدەن لەسەر سیاسەتە پیشەسازییەکانی دەوڵەت، کە ئەمەش پرسێکی سەرەکییە لە کۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت لەم هەفتەیەدا هەوڵی بۆ دەدات.

هەروەها یەڵن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، هەوڵ دەدات بۆ "ڕێککەوتێکنی گشتی" لەلایەن وەزیرانی دارایی گرووپی حەوت و نوێنەرەکانی بانکی ناوەندییەوە لەسەر پلانێک بۆ داهاتی نزیکەی 300 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بەستووی ڕووسیا کە بشێت بۆ پشتگیری دارایی ئۆکرانیا لە دوای ساڵی 2025 بکاربهێنرێت.

بڕیارە ئەو دوو تەوەرە باڵ بکێشیت بەسەر کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی و بەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندی لە باکووری ئیتاڵیا لە ڕۆژانی هەینی و شەممەدا.

یەڵن ئاماژەی بەوەشکرد زۆرێک لە وڵاتانی دەرەوەی گرووپی حەوت کە خاوەن پیشەسازی پێشکەوتوون نیگەرانن لە زیادەڕۆییکردنی وەبەرهێنانی چین لە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، بەرهەمەکانی سیستمی خۆر، پۆڵا و پیشەسازییە ستراتیژییەکانی دیکە، لەوانە مەکسیک، هیندستان و ئافریکای باشوور.

یەڵن گوتیشی بەبێ گۆڕانکاری لە سیاسەتی چین، لەنێویاندا گۆڕانکاری لە زیادکردنی بەرهەمهێنانەوە بۆ بەرزکردنەوەی خواستی ناوخۆیی، وڵاتانی خاوەن بازاڕی پێشکەوتوو ڕووبەڕووی بڵاوبوونەوەی بەرهەمی خراپی هاوردە لە چینەوە دەبنەوە و ئەمەش دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر توانای بەرهەمهێنەرەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، داوا لە وڵاتان ناکات چاو لە باجی گومرگی ئەمەریکا بکەن یان لە نزیکەوە بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی بازرگانییان هەماهەنگ بکەن، بەڵام وتیشی "پێویستە پێکەوە بوەستین و پەیامێکی یەکگرتوو بۆ چین بنێرین. بۆ ئەوەی تێبگەن تەنها یەک وڵات نییە کە هەست بەمە دەکات، بەڵکو ڕووبەڕووی دیوارێکی دژایەتی ئەو ستراتیژییە دەبنەوە کە هەوڵی بۆ دەدەن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی گروپی حەوت وەڵام و نیگەرانییەکانیان تاوتوێ دەکەن و دەیخەنە بەردەم بێژینگ.

داواکەی یەڵن بۆ یەکڕیزی گروپی حەوت بەرامبەر چین دوای ئەوەیەکە بەڕێوەبەرایەتی بایدن باجی نوێی بەرزی لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی چین و پاتری و پانێڵە خۆرەکان و بەرهەمەکانی دیکەی چینی ڕاگەیاند لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی وەبەرهێنانەکانی ئەمەریکا بۆ پەرەپێدانی ئەم پیشەسازیانە لە ناوخۆدا.

پلانی سەروەت و سامانی ڕووسیا

یەڵن ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر وەزیرانی گروپی حەوت بتوانن لەسەر شێوازێک ڕێکبکەون سەبارەت بە سەروەت و سامانی بەستووی ڕووسیا، پێش کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی گروپی حەوت لە پوگلیا لە ناوەڕاستی مانگی حەوت، دەتوانن ئەوکاتە لەسەر وردەکارییەکانی قسەبکەن. هەروەها بەشداربووانی دیکەش ڕایانگەیاندووە کە ڕەنگە نەتوانرێت لەم هەفتەیەدا باس لە وردەکارییەکانی قەرزێکی لەو جۆرە بکەن.

یەڵن ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا باس لە بڕێکی 50 ملیار دۆلار کراوە، بەڵام، هیچ بڕیارێک لەسەر قەبارەی قەرزێکی ئەگەری بۆ ئۆکرانیا دانەنراوە کە بە داهاتی نزیکەی 3.5 ملیار دۆلار پشتگیری بکرێت.

یەڵن وتی " ئەمە سەرچاوەیەکی دڵنیای داراییە و گرنگە ڕووسیا بزانێت کە ئێمە لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا بەهۆی کەمی سەرچاوەکانەوە ڕاناوەستین."

ئەم پارەیە دەتوانێت ئۆکرانیا لە دوای ساڵی 2025 بەردەوام بکات، چونکە ئێستا ئۆکرانیا پاکێجێکی هاوکاری ئەمەریکای بە بڕی 60 ملیار دۆلار هەیە و نزیکەی 50 ملیار دۆلاریشی لە یەکێتی ئەوروپا هەیە.

بڕیارە سبەی شەممە وەزیرانی دارایی گرووپی حەوت و نوێنەرانی بانکی ناوەندی لەگەڵ سێرهی مارچێنکۆ وەزیری دارایی ئۆکرانیا کۆببنەوە.

ڕەتکردنەوەی باجی سەروەت و سامان

یەڵن وتی ناتوانێت پشتگیری لە پێشنیاری بەرازیل بکات بۆ وەرگرتنی باجی سەروەت و سامانی جیهانی لەسەر زۆر دەوڵەمەندەکان بۆ یارمەتیدانی دابینکردنی بودجە بۆ گواستنەوەی وزەی پاکی بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو بەهۆی کاریگەرییەکانی دووبارە دابەشکردنەوە، ئەمەش پاشەکشەیەکی لە کارنامەی G20ی بەرازیل لەمساڵدا دروستکرد.

بە پێی پلانەکەی بەرازیل، نزیکەی 3 هەزار کەس لە جیهاندا کە لانیکەم یەک ملیار دۆلار سامانیان هەیە ساڵانە لانیکەم %2ی داهاتیان بدەن بە باج.

پلانەکە کە ئامانجی کۆکردنەوەی 250 ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا بۆ یارمەتیدانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتانی هەژارتردا، بووەتە هۆی پشتگیریکردنی وەزیری دارایی فەرەنسا برۆنۆ لۆمایر کە ئاماژەی بە سەرکەوتنی گرێبەستێکی جیهانی باجی کۆمپانیاکان کردووە.

یەڵن دەڵێت، هیچ ناڕەزایەتییەکی نییە بەرامبەر بە زیادکردنی باج لەسەر کەسانی ئێجگار دەوڵەمەند، بە ئاماژەدان بە پێشنیاری سەرۆک جۆو بایدن بۆ باجدان لەسەر دەستکەوتە بەدینەهاتووەکانی ئەو ئەمەریکییانەی کە سامانیان لە سەرووی 100 ملیۆن دۆلارەوەیە.

بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، پشتگیری لەو دانوستانانە ناکات کە داهاتەکەی لە نێوان وڵاتەکاندا دابەشبکرێتەوە.

یەڵن وتی پێشنیارەکەی بەرازیل ئاماژە بە پێویستی سەرچاوەی زیاتر دەکات بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، بەڵام گوتیشی "من لەگەڵ ئەم شێوازە تایبەتەدا نیم کە چۆن ئەو کارە ئەنجام بدرێت."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز