بلینکن گەشتە دیپلۆماسییەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کۆبوونەوە لەگەڵ سیسی کۆتایی پێدەهێنێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە قاهیرە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسردا کۆبووەوە لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکاتی کێشە و ئاڵۆزیی دیپلۆماتیانەی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی لە ناوچەکەدا سەبارەت بە شەڕی غەززە.

دیدارەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ئەنتۆنی بلینکن و سەرۆکی میسر، یەک ڕۆژ دوای کۆبوونەوەکەی بلینکن بوو لەگەڵ شاعەبدوڵای پادشای ئوردن و مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان لە بەندەری عەقەبەی سەر دەریای سوور.

واشنتن بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی ململانێکان و قەیرانی ناوچەکە، هاوکاتی نیگەرانییەکان لەوەی ئەو قەیرانەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەشەنە بکات و بگاتە لوبنان و عێراق و بشبێتە گرفتێکی ئاسایشی بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە؛ شەڕەکانی حەماس و ئیسرائیل بوونەتە مایەی کوژرانی زیاتر لە 23 هەزار فەلەستینی.

میسر و شانشینی ئوردن دوای کۆبوونەوەکان هۆشدارییان دا و داواش دەکەن ئیسرائیل کۆتایی بە هێرشەکانی بێنێت و نابێت ئەم قەیرانە ببێتە هۆکارێک بۆ ئاوارە بوونی 2.3 ملیۆن دانیشتوانی ناوچەکە و ناشبێت ئەم قەیرانە بە داگیرکاریی ئیسرائیل بۆ ناوچەکە کۆتایی پێبێت.

ئیسرائیل و ئەمەریکای هاوپەیمانیشی جەخت دەکەنەوە لەوەی تەلئەڤیڤ ئاوەها پلانێکی نییە.

ڕۆژی 7ی مانگی 10 ساڵی ڕابردوو، چەکدارەکانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و لە ئاکامی ئەو هێرشە 1200 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژران و زیاتر لە 200 کەسیش بە بارمتە گیران.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە یەک هەفتەدا سەردانی 9 وڵات و هەروەها کەناری ڕۆژئاوای فەلەستینییەکانیشی کرد. بەرەنجامی ئەو هەفتە دیپلۆماتییەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێککەوتنێکی قورسی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی بوو بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە لە دوای ئەم قەیرانە خوێناوییە و هەروەهاش درێژەدان بە زەمینەیەکی هاوبەشی ئابوری لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێیدا، ئەڵبەت ئەو کاتەی ئیسرائیل وابەستە دەبێت بە دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینییەکانەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز