فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند کەشتی فڕۆکەهەڵگری یۆ ئێس ئێس کارنی (USS Carney) لە دەریای سوور، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانی یەمەنەوە هەڵدراوە، خستوەتە خوارەوە.
سێنتکام لە بەیاننامەکەیدا ڕۆژی چوارشەممە، 29ی مانگی یازدە ڕایگەیاند "هەرچەندە ڕوون نییە مەبەستی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە چی بووە، بەڵام بەرەو کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکەی کارنی هاتووە کە خەریکی چاودێری و یاوەریکردنی دوو کەشتی جەنگی بووە کە یەکێکیان کەرەستەی سەربازیی بۆ ناوچەکە گواستوەتەوە."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کارمەندانی ئەمەریکا و کەشتییەکانی هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.
ئەم ڕووداوە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە فەرماندەی ناوەندیی هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕایگەیاند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی، ڕۆژی سێشەممە لە ئۆپەراسیۆنێکی ناپڕۆفیشناڵدا، مەترسی ئەمنی فڕینی بۆ فڕۆکەهەڵگری ئای کی ئی (IKE ) لە کەنداو دروستکردووە.
براد کوپەر، فەرماندەی هێزی دەریایی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاند "لە میانی دەوریەیەکی ڕۆتینی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی کەنداودا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە نزیک کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس دوایت ئایزنهاوەر کردەوەی ناپارێزراو و ناپڕۆفیشناڵانەی ئەنجامداوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئێران لە دووری لانیکەم 10 میلی فڕۆکە هەڵگرەکەوە، "ڕێوشوێنەکانی پاراستنی" پێشێل کردووە.
براد کوپەر گوتیشی "دواجار فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە لە لایەن کەشتییە ئەمەریکاییەکەوە دوورکەوتووەتەوە."
لە هەمانکاتدا بەڕێوەبەرایەتی دەریایی وەزارەتی گواستنەوەی ئەمەریکا هۆشداری داوە بەو کەشتییە بازرگانیانەی کە لە زەریای هیندی دەپەڕنەوە سەبارەت بە ئەگەری مەترسییەکانی ئەو ناوچەیە.
ئەم بەیاننامەیە دوای هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و زەریای هیندی دەرچووە.
بەڕێوەبەرایەتی دەریایی ئەمەریکا داوای لە هەموو کەشتییەکان کردووە لەکاتی تێپەڕین بەو ناوچانەدا وریا بن و ئاگاداری ئەو مەترسییە بەردەوامانە بن کە لەو ناوچەیەدا لەوانەیە ڕووبەڕوویان ببێتەوە.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز