کۆمەڵگەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە، 11ی مانگی یازدە لە ڕۆژی سەربازە دێرینەکاندا (Veterans Day ) یادی ئەو ژن و پیاوانە دەکەنەوە کە بە شێوازی جیاواز لە سوپای ئەمەریکادا خزمەتیان کردووە و سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خۆنەویستیان دەردەبڕن.
هەر لەو پێوەندییەدا، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، جۆو بایدن لەگەڵ جێگرەکەی، کامڵا هەرێس لە گۆڕستانی نیشتمانی ئارلینگتۆن تاجە گوڵینەی لەسەر گۆڕی سمبولی سەربازی ون دانا و وتارێکی پێشکەش کرد.
بایدن گوتی، ئەمڕۆ ڕێز لە چیرۆکی پاڵەوانەکانمان دەگرین، ئەو پاڵەوانانەی وڵاتەکەمانیان پاراست و لە هەڕەشەکان دووریان خستەوە.
لەم جەژنە فیدراڵیەدا کە لە ساڵی 1918وە بەڕێوەدەچێت، چەندین بەرنامەی تایبەت وەک نمایشکردنی فیلم و کۆنسێرتی تایبەت ڕێکدەخرێن و ڕێپێوان لە سەرانسەری ئەمەریکادا بەڕێوەدەچێت.
هەروەها لەم ڕۆژە پشوویەدا هەندێ لە چێشتخانە و دوکانەکان لە سەرانسەری ئەمەریکا خزمەتگوزاری خۆڕایی یان بە هەرزان پێشکەش بە سەربازە دێرینەکان و خێزانەکانیان دەکەن.
ڕۆژی سەربازە دێرینەکانی ئەمساڵ کەمێک جیاواز لەساڵەکانی دیکە دەردەکەوێت و شەڕەکانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژە سەختەکانی جەنگی جیهانی دووەمیان بیردەخاتەوە.