نسرين سوتوده لە مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی ئارمیتا گەڕاوند لە تاران دەستگیرکراوە

ڕەزا خەندان دەڵێت نەسرین سوتودەی هاوسەری لە میانەی مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئارمیتا گەڕاوند لە گۆڕستانێکی باشوری تارانی پایتەخت دەستگیرکراوە لەگەڵ ژمارەیەک لەو کەسانەی بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کردبوو.

ئاژانسی فارسی دەوڵەتی ئێران دەڵێت نسرين سوتوده ڕۆژی یەکشەممە بە تۆمەتی نەبەستنی حیجاب و "ڕەفتای نابەجێ کە کاریگەری لەسەر دەرونی کۆمەڵگە دەبێت" دەستگیرکراوە.

نەسرین سوتودەی تەمەن 60 ساڵ کە براوەی خەڵاتی سخارۆڤە بۆ ئازادی هزر و بیر لە ساڵی 2012 ، لەم ساڵانەی دوایی چەند جارێک دەستگیرکراوە. ساڵی 2018 زیندانی کرا پاش ئەوەی داکۆکی لە ژنێک کردبوو کە لە خۆپیشاندانی حیجابی بە زۆرەملێ بەشداری کردبوو. ساڵی 2019 حوکمی زیندانی درا بە تۆمەتی "هاندان بۆ فەساد و فجور".

ئارمیتا گەڕاوندی تەمەن حەڤدە ساڵ ئەو خوێندکارەی خەڵکی کرماشان کە ماوەیەک پێش ئێستا لە میترۆی تاران لەهۆش خۆی چوو و ڕۆژی شەممە 28ی ئەم مانگە دوای 28 ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا و لە ژێر ڕێوشوێنی توندی ئاسایشیدا بەخاکسپێردرا.

سەرچاوە: ئەسۆشیەتید پرێس