وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا سەبارەت بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل: هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن بۆ سزادانی ئێران

جانێت یێڵن وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئەگەر دەستیان لە هێرشەکانی حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیل هەبووبێت، ئەوا هەموو بژاردەیەکی سزاکان لەسەر مێز دەبن دژ ئەو وڵاتە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی فایننشاڵ تایمز، هۆشدارییەکانی جانێت یێڵن لە کاتێکدایە کە وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردوەتەوە کە تا ئێستا هیچ بڕیارێک سەبارەت بە سزا نوێکان بۆ سەر ئێران نەدراوە.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە، 11ی مانگی دە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مەغریب ڕایگەیاند و گوتی "ئەمەریکا بە بەردەوامی پێداچوونەوە بە سیاسەتی سزاکانی خۆی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، حەماس و حزبوڵا دەکات.

یێڵن وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی هێرشی چەکدارە فەلەستینییەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، گوتی واشنتن لەو زانیاریانەی دەستی دەکەوێت بۆ گۆڕینی سزاکان کەڵک وەردەگرێت و ئاماژەی بەوەشکرد هیچ بژاردەیەک سەبارەت بە ئەگەری کردەوەکانی داهاتوو ڕەتناکاتەوە.

یێڵن ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی گوتی "شەش ملیار دۆلاری پەیوەست بە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە قەتەر هێشتا دەستی لێنەدراوە و وەک خۆی ماوەتەوە و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی بەکاردێت.

ڕەخنەگران دەڵێن ئەو پارەیە سەرچاوەیەکە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەهێزکردنی چالاکییە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا.

کاربەدەستانی حکومەتی ئەمەریکا ڕایانگەیاندوە کە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکیان دەست نەکەوتووە کە نیشان بدات کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەبووە لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل.

مەتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەی خۆیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران لە هێرشی حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیل ڕایگەیاند و گوتی "هیچ زانیارییەکمان نییە کە نیشان بدات ئێران ئەو هێرشانەی حەماسی ئاڕاستە کردبێت یان ڕێکیخستبێت. ڕەنگە ئێران زانیبێتی کە حەماس پلانی ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئیسرائیل دادەڕێژێت، بەڵام بەبێ ئەوەی کاتی و زانیاری وردی هەبێت."

مەتیۆ میلەر جەختی لەوە کردەوە کە "ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا هاوکاریی سەربازی هەستیاری پێشکەش بە حەماس کردووە" و گوتیشی "بەڵام ئەزموونی ئێمە لەم بوارەدا پێمان دەڵێت کە پێشوەختە هیچ بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بەم بابەتە دەرنەکەین."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا هەوڵ دەدات لە هەفتە و ڕۆژانی داهاتوودا زانیاری زیاتر کۆبکاتەوە و دیاری بکات کە ئایا گروپەکانی ناو کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگاداری هێرشەکان بوون یان هیچ ڕۆلێکیان هەبووە لە ڕێکخستنی پلانەکاندا.

هەرلەو چوارچێوەیەدا، جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند تا ئێستا دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ڕۆڵی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەست نەکەوتووە.