ڕۆژنامەوان محەمەد حەسەن: تورکیا ئەمجارە ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج و هێرش دەکاتە سەر  وێستگەکانی ئاو و کارەبا و تەنانەت نانەواخانەکانیش

  • Robîn Reşvan

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە تورکیا 15 جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لەو هێرشانەشدا لانیکەم 10 کەس کوژراون و 2 کەسیش بریندار بوون.

ڕۆژنامەنووس مەهمەت حەسەن ڕایدەگەیەنێت، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیا کارگەکانی نەوت و وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەکەنە ئامانج.

حەسەن لە زاری دەزگای ئاسایشی ڕۆژئاواوە دەڵێت لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا 6 ئەندامی دەزگای ئاسایش و 4 هاووڵاتی سڤیل کوژراون.

حەسەن دەڵێت "تورکیا ئەمجارە ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج و هێرشەکان وێستگەکانی ئاو و کارەبا و تەنانەت نانەواخانەکانیشی گرتووەتەوە بۆ ئەوەی خەڵک ناچار بکات کۆچ بکەن و چۆڵی بکەن".

حەسەن پێی وایە، دوو زلهێزی سەرەکی لە سوریا، ئەمەریکا و ڕوسیا، سەرقاڵی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووداوەکانی ترن، بۆیە سوریا وەک جاران بۆیان گرنگ نەماوە و ئەوەش کاری تورکەکان ئاسانتر دەکات.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئەو دوو هێرشبەرەی لە کۆتایی هەفتەدا بۆمبیان لە ئەنقەرە تەقاندەوە، لە سوریاوە هاتوونەتە نێو وڵاتەکەوە.

بەڵام بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە سیامەند عەلی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەوەی ڕەت کردەوە و گوتی تورکیا ئەمە وەک پاساوێک بۆ هێرش کردنە سەر بەرێوەبەرایەتی خۆسەر بەکاردەهێنێت.

عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا بەئاشکرا هاووڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکاتە ئامانج،" ئەمەش تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە."

داوای لە هێزەکانی کەفیل و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستێکی ڕوون لە بەرامبەر ئەو هەڕەشە و هێرشانە نیشان بدەن.

مەزڵوم عیبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕۆژی چوارشەممە لە تۆڕی سۆشیال میدیا، ئێکس ڕایگەیاند، تورکیا بەدوای بیانوودا دەگەڕێت بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی کورددایە.