هێرشەکانی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە بۆ سەر ئامانجە سەربازی و ژێرخانەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم نۆ کەس. ئەمەش پاش ئەوەی تورکیا هەڕشەی تۆڵەکرنەوەی کردبوو پاش هێرشە خۆکوژییەکەی هەفتەی ڕابردووی ئانکەرە.
لە کاتێکدا تورکیا بەردەوام هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردووە بۆ سەر ئەو ناوچە نیمچە سەربەخۆیەی ژێر دەستی کوردەکانی سوریا، بەڵام ڕۆژی چوارشەممە هەڕەشەی هەڵمەتێکی توندی ئەوبەری سنووری کرد.
زانا عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە قامشلۆ ڕادەگەیەنێت هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ژمارەی هێرشەکان گەیشتووەتە 11 هێرش. و دەڵێت ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک داوا لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دەکات ڕێگری لە هێرشەکانی تورکیا بکەن.
نێوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕایگەیاند هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لە حەسەکە "شەش ئەندامی ئاسایشی ناوخۆی کوشتووە."
پێشتر فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕایگەیاند هێرشەکە شەش کرێکاری لە کارگەیەکی خشتدا کوشتووە. گوتیشی کرێکارێکی تر لە شوێنێکی تری پارێزگاکە کوژراوە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆش دەڵێن دوو کەسی سڤیل کوژراون.
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند لە هێرشەکەی حەسەکەدا بۆمبێک بەر ئۆتۆمبێلێک کەوتووە و دوو کەسی تێدا کوژراوە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە پاش هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووی ئانکەرە، کە پەکەکە بەرپرسیارێتی گرتە ئەستۆ، تورکیا هەڕەشەی هێرش کردنە سەر ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد و وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ڕایشیگەیاند کە ئەوانەی هێرشەکەیان ئەنجام داوە لە سوریاوە دەربازی تورکیا بوون.
بەڵام بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە، سیامەند عەلی، بە توندی تۆمەتەکانی هاکان فیدانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەوانەی هێرشیان کردە سەر ئانکەرە لە ڕۆژئاواوە نەچوونەتە نێو خاکی تورکیاوە.
عەلی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەو دوو کەسەی تورکیا دەڵێت هێرشەکەیان ئەنجامداوە، هاووڵاتی سوریایی نین، خەڵکی باکوری کوردستانن و هاووڵاتی تورکیان و ئەو کەسانە لە ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە نەپەڕینەوە بۆ تورکیا. "
ڤدانت پەتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ڕۆژی چوارشەممەدا نیگەرانی دەربڕی لەمەڕ پەرەسەندنەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
پەتێل گوتی ئەمەریکا درک بە نیگەرانییە ئاسایشییەکانی تورکیا بەهۆی پەکەکەوە دەکات هەروەها " ئەمەریکا نیگەرانیشە لەمەڕ پەرەسەندنە سەربازییەکان لە باکووری سوریا، بە تایبەتی ئێمە نیگەرانین لەمەڕ کاریگەرییەکانی بەسەر خەڵکی سڤیل و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ شکستپێهێنانی داعش."