هەژماری نووسینگەی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران ڕۆژی هەینی لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە ئەو نووسینگەیە و تیمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وەک هەمیشە سەرقاڵی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیانن بەرامبەر بە ئێران.
لە تویتەکەدا هاتووە " ئێمە بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان بۆ سنووردارکردنی ڕەفتاری ناسەقامگیرکەری ئێران و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، هاندان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و سەقامگیرترکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
دوای نزیکەی مانگێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان لە میدیاکانی ئەمەریکا سەبارەت بە "لێکۆڵینەوەی پۆلیسی فیدراڵی" لەبارەی نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، هەژماری تویتەری ئەو نووسینگەیە ڕۆژی هەینی 14ی مانگی حەوت ناو و وێنەکەی رابێرت ماڵی لابرد و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە، ناو و وێنەی ئەبرام پاڵی کە پێشتر جێگری سەرۆکی ئەو دامەزراوەیە بووە، لە شوێنەکەی دانا.
شرۆڤەکاران دەڵێن پێدەچێت ئەم ڕووداوە بە مانای کۆتایی هاتنی کارەکانی ماڵی بێت وەک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران.
تویتەکەی نووسینگەی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژێک دوای نامەی 18 سیناتۆری کۆماریخواز بڵاو کرایەوە کە بۆ جێگری پشکنەری گشتیی وەزارەتی دەرەوەیان ناردبوو.
لە نامەکەدا ئەو سیناتۆرانە داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆیان کردووە سەبارەت بە پابەندبوونی بەرپرسانی ئەو وەزارەتە بەو پەیڕەو و ڕێسایانەی کە لە پەیڕەوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە لە پێوەندی بە دەستڕاگەیشتنی ڕابێرت ماڵی بە زانیارییە نهێنییەکان.
سیناتۆرەکان بە ئاماژەدان بە مۆڵەتی ڕابێرت ماڵی بە بڕیارێکی تایبەت، داوای وەڵامی 11 پرسیاریان کردووە.
میدیاکانی ئەمەریکا 11ی مانگی شەش ڕایانگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لە ئەگەری "خراپ بەکارهێنانی زانیارییە نهێنییەکان" لەلایەن ڕابێرت ماڵییەوە دەکات و بڵاویانکردەوە کە ڕێگەپێدانی ئەمنی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران ڕاگیراوە و ناوبراو بە مۆڵەتی بێ مووچە لە کارەکەی بە شێوەی کاتی دوورخراوەتەوە.
دوابەدوای ئەم ڕاپۆرتە، زۆرێک لە نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکا داوای ڕوونکردنەوەی وردتریان کرد سەبارەت بەم ڕووداوە.
بەڵام ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، 11ی مانگی حەوت وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانیی خۆی بۆ ڕابێرت ماڵی، ڕایگەیاند کە ئەمەریکا هێشتا سەرنجی لەسەر ڕێکارەکانە بۆ ڕێگریکردنی ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکاییانە کە بە ناڕەوا لە ئێران دەستبەسەر کراون .
بلینکن لە بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی "MSNBC" سەبارەت بە هەڵپەساردنی مۆڵەتە ئەمنییەکانی ڕابێرت ماڵی و لێپرسینەوەکانی بەهۆی "پاراستنەکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکان گوتی "ئەوە بابەتێکی کەسی و تایبەتییە و بەڵام ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە من ساڵانێکی زۆر زۆرە ڕابێرت ماڵی دەناسم، ئەو پیاوێکە ژیانی تایبەتی و ژیانی پیشەیی خۆی تەرخان کردووە بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەی و کارەکەی جێگەی ستایشە."