ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر کۆمپانیایەک کە هاوکاری ئێرانی کردووە بۆ چاودێریکردنی ئینتەرنێت

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا

وەزارەتی خەزێنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی،2ی مانگی شەش سزا بە سەر کۆمپانیایەکی ئێران و دوو کارمەندی باڵای ئەو کۆمپانیایە دەسەپێنێت.

نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا (OFAC) ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە کۆمپانیایەکی ئێرانی چالاک لە بواری تەکنەلۆژیا بە ناوی "ئاروان کڵاود" کە بە ئەبر ئاروان ناسراوە و دوو کارمەندی باڵای کۆمپانیاکە و هەروەها کۆمپانیایەکی دیکەی سەر بەو کۆمپانیایە کە بنکەکەی لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییە، سزا داوە، ئەمەش بە هۆی هاوکارییەکانیان بۆ سانسۆرکردنی ئینتەرنێت لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

ئاروان کڵاود، هاوبەش و هاوکارێکی سەرەکی وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری ئێرانە لە پەرەپێدانی تۆڕی نیشتمانی زانیارییەکانی ئێران (NIN) کە تۆڕێکی سەرتاسەرییە لە وڵاتەکەدا و بۆ پچڕانی پەیوەندییەکانی خەڵکی ئێران لە ئینتەرنێتی جیهانی بەکاردەهێنرێت.

ئەو نووسینگەیە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاروان کڵاود پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران هەیە و کارمەندەکانی پەیوەندییەکی بەرفراوانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێران هەیە.

پویا پیرحوسێنلو و فەرهاد فاتمی، دوو دامەزرێنەری کۆمپانیای ئاروان کڵاودن و وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار و سەرۆکی تەکنەلۆژیای کۆمپانیاکە کاریان تێیدا کردووە.

لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتووە کە حکومەتی ئێران بە بەردەوامی لە رێگەی سنووردارکردنی ئینتەرنێت و دابەزاندنی خێرایی ئینتەرنێتەوە، هەوڵی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، چاودێریکردن و سزادانی خەڵکی ئێرانی داوە، ئەمەش بەهۆی ئازادی ڕادەربڕین و داواکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان.

لە ئەنجامی سزاکەی ئەمڕۆی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بۆ سەر ئەو کۆمپانیایە و دوو کارمەندە باڵاکەی، هەموو موڵک و داراییەکانی ئەو کەسانە کە لە ئەمەریکان یان لە ژێر دەستی کەسانی ئەمەریکاین، دەبێت سڕ بکرێن و ڕاپۆرت بکرێن بە نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی ئەو وەزارەتەوە.

هەروەها هەر دامەزراوەیەکی دارایی بیانی کە ئاسانکاری بۆ مامەڵەکردن یان خزمەتگوزاری دارایی بەرچاو بۆ هەریەکێک لەو کەسانەی ئەمڕۆ دەستنیشانکراون پێشکەش بکات، ڕووبەڕووی سزاکانی ئەمەریکا دەبێتەوە.

سەرچاوە/ماڵپەڕی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا