فەخرەتین کۆجا وەزیری تەندروستی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، ڕەوشی تەندروستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکۆماری تورکیا باشە.
کۆجا ڕایگەیاند کە ئەردۆغان تووشی هەوکردنی گەدە و ڕیخۆڵە بووە و ئێستا باشترە.
ئەو دەڵێت " ئەم بەیانییە لەگەڵیان بووم. سڵاوێکی زۆر لە هەموو لایەک دەکات. تەندروستی باشە. کاریگەرییەکانی هەوکردنی گەدە و ڕیخۆڵە کەمیکردووە. دەیەوێت بە زووترین کات بەردەوام بێت لە بەرنامەکانی. سوپاس و پێزانینی خۆی گەیاندە هەموو هاونیشتمانمان کە هیوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ خواست و دوعایان کرد بۆ کرد."
ڕۆژی سێشەممە ئەردۆغان لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا ڕەوشی تەندروستی تێکچووبوو.
ڕۆژی چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەسەر ڕاوێژی پزیشکان لە ماڵەوە دەمێنێتەوە و ئاگاداری خۆی دەبێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کە کاندیدی سەرۆکایەتییە لە لیستی هاوپەیمانی گەل، ڕۆژی چوارشەممە بڕیار بوو هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە کرکالە و سەواس بەڕێوە ببات. تێکچوونی باری تەندروستی ئەردۆغان لە کاتێکدایە نزیکەی دوو هەفتە ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کە لە 14 ی مانگی 5 بەڕێوە دەچێت و هاوکاتیشە لەگەڵ دەستپێکردنی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات.