ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز: کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ زانیاریـیەکانی ئەپڵی دوو یاسادانەری دیموکراتیان دەستکەوتووە

ئادەم شێف بەرپرسی کۆمیتەی هەواڵگریی ئەنجومەنی نوێنەران

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی پـێنجشەممە بڵاویکردەوە، داواکارانی گشتی لە وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ داوای زانیاریـیەکانی ئەپڵی دوو یاسادانەری دیموکراتیان کردبوو لەگەڵ فەرمانبەر و ئەندامانی خێزانەکانیان، وە کۆمپانیای ئەپڵیش بەپـێی یاسا ئەو زانیاریـیانەیان ڕادەستکردوون.

ڕۆژنامەکە دەڵێت داواکاری زانیارییەکانی پەیوەندی کردنەکە ئەندامی کۆنگرێس ئادەم شێف نوێنەری کالیفۆرنیای کردبوو بە ئامانج کە بەرهەڵستێکی سەرەکی ترامپ ولەو کاتەدا دیموکراتی باڵای کۆمیتەکە بوو و ئێستا بەرپرسی کۆمیتەکەیە.

ئەندامی کۆنگرێس ئێرک سوالوێل ڕۆژی پێنجشەممە بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند ئەو دووهەم دیموکراتی کۆمیتەکە بووە کە کراوەتە ئامانج.

ئەو گوتی " لەلایەن ئەپڵەوە ئاگادارکرامەوە ئەوان دەستیان بەسەر زانیارییەکانمدا گرتبوو. ئەمە شتێکی هەڵەیە."

بە پێی ڕۆژنامەکە دادپرسەکانی لە ژێر دەسەڵاتی وەزیری داد جێف سێشندا کاریان دەکرد لە ساڵی 2017 و سەرەتای 2018 دا هەوڵێکی نائاساییان داوە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دزەکردنی زانارییە نهێنییەکان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان یاریدەدەرانی ترامپ و ڕوسیا.

کاربەدەستانی وەزارەتی داد نەک تەنها زانیارییە ئەلیکترۆنییەکانی ئەو یاسادانەریان کردبوو بە ئامانج، بەڵکو تەنانەت کارمەندان و ئەندامانی خێزانەکانیشیان لە ناویاندا منداڵێکیش، بەهۆی ئەوەی کە ڕەنگە لێکۆڵەران لەوبڕوایەدا بووبن یاسادانەرەکان بە ڕێگەی دەوروبەرەکەیان یان ئامێری منداڵەکانیانەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕۆژنامەواناندا شاردبێتەوە.

تایمز دەڵێت دەرئەنجام هیچ لە زانیارییەکان و بەڵگەکانی دیکەی یاسادانەرەکان یان کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران پەیوەندییان بەو دزەکردنەوە نەبووە.

شێف لەکاتێکدا پشتڕاستی نەکردەوە کە ئامانجی لێکۆڵینەوەکە بووە ، داوای لێکۆڵینەوەیەکی لەلایەن وەزارەتی دادی کرد لەسەرئەمەو دۆسێکانی تریش.

شێف لە بەیاننامەیەکدا گوتی " ترامپ هەوڵی داوە وەزارەتەکە وەکو تێڵایەک دژ بە بەرهەڵستە سیاسییەکانی و ئەندامانی میدیا بەکاربهێنێت. زیاتر دەردەکەوێت کە ئەو داواکارییانە پشتگوێ نەخرابوون."

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسی داوای لێکۆڵینەوەیەکی لەو بارەیەوە کردووە، ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی بە " زۆر ناخۆش" ناودێر کردووە.

لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئەم کردارانە وەها دەردەکەوێت کە دەستدرێژییەکی دیکەی گەورەبێت بۆ سەر دیموکراسیمان کە لە لایەن سەرۆکی پێشووەوە کرابێت."