ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە بەریتانیا هەتا ئێستا نزیکەی 12 هەزار کەسی لە مردن ڕزگارکردووە

ئاژانسی تەندروستی گشتیحکومەتی بەریتانیاPHE ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند لە ئەنجامی وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە بەریتانیا نزیکەی 12 هەزار کەس لە مردن ڕزگارکراون و زیاتر لە 30 هەزار کەسیش بەساڵاچووش پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانە نەبووە.

لە بەریتانیا نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتوانی سەرو 18 ساڵ دژ بە کۆرۆنا کوتراون، ئەمەش یارمەتیدەردەبێت بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیر بۆریس جۆنسن تا بتوانێت هەتا هاوین وڵاتەکە بگەڕێنێتەوە دۆخێ ئاسایی.

PHE ڕایگەیاند هەتا کۆتایی مانگی 4 ڤاکسینی دژ بە کۆڤید-19 توانیویەتی 11 هەزار و 700 کەسی تەمەن 60 ساڵ و سەروتر لە مەردن ڕزگار بکات، و لەهەمان ئەوە کاتەشدا 33 هەزار کەسی تەمەن 65 ساڵ و سەروتر پێویستیان بەوە نەبووە لە نەخۆشخانە بمێننەوە.

ئامارەکانی ئاژانسەکە حاڵەتەکانی سکۆتلەند، وێلز یان باکوری ئیرلەندا ناگرێتەوە کە حکومەتەکانیان خۆیان ڕێبازی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە دادەنێن.

ئەو ئاژانسە تەندروستییەی حکومەتی بەریتانیا دەشڵێت ئەم مەزەندەیە تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی ڤاکسینەکە لەسەریان هەبووەو بەڵگەی " ڕوون و ئاشکران" کە ڤاکسینەکان هاوکارن بۆ کەمکردنەوەی پەتاکەو ڕێژەی مردن و لەنەخۆشخانە مانەوەی ئەوانەی کە توشی ڤایرۆسەکە دەبن.

ماری ڕامسەری بەرپرسی هەڵمەتەکانی کوتان لە PHE دەڵێت " ڤاکسینەکە ژیانی زۆر کەسی ڕزگار کردووە، و ئێستا ئێمە هەست بە کاریگەرییەکانی دەکەین بۆیە ئەمە نەخۆشخانەکانیشمان دەپارێزێت."

هەتا ئێستا 127 هەزارو 640 کەس لە بەریتانیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.