ویلایەتەکانی ئەمەریکا ئاگادارکراونەتەوە ئامادەبن بۆ بەدەستگەیشتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا هەتا یەکی مانگی 11

نێوەندی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان CDC پشتڕاستی کردەوە کە هەموو 50 ویلایەتەکان و شارەگەورەکانی ئاگادارکردۆتەوە بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ دابەشکردنی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا 1 ی مانگی یازدە ، دوو ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی .

خزمەتگوزاری هەواڵی مککلاتچی یەکەم شوێن بوو کە لە ڕۆژی چوارشەممەدا هەوالەکەی ڕاگەیاند کە CDC یاداشتێکی چوار لاپەڕەیی لە 27 ی هەشتدا بۆ بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکان ناردووە تا پلانی کوتانیان هەتا 1 ی مانگی 10 دابڕێژن " بۆ ئەوەی هاوئاهەنگبێت لەگەڵ شیانی یەکەم بڵاوبوونەوەی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا".

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت ئەو یاداشتەی دکتۆر ڕۆبەرت ڕێدفیڵدی بەڕێوەبەری CDC بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەموو ناوچەکانی ئەمریکا نێردراوە ، هەروەها شاری نیویۆرک ، شیکاگۆ ، فلافیڵفیا ، هیوستن و سان ئەنتۆنیۆ.

لە یاداشتەکەی سی دی سی دا باس لەوە کراوە کاربەدەستانی تەندروستی و کارمەندانی دەزگاکانی چاودێری درێژخایان و کرێکارە گرنگەکان لەگەڵ کاربەردەستانی ئاسایشی نەتەوەیی، لەوانەیە ئەولەویەتی سەرەتایی ڤاکسینەکەیان پێبدرێت.

تایمز دەشڵێت CDC هەروەها ئەولەویەت دەدات بە ئەو ئەمەریکاییانەی کە تەمەنیان لە 65 ساڵان بەسەرەوەیە، خەڵکانی کۆمەڵگەی کەمینەکان، ئەمەریکاییە ڕەسەنەکان و زیندانیان.

دکتۆر ڕێدفیڵد هەروەها داواشی لە بەرپرسانی تەندروستی کرد کە بە شێوەیەکی خێرا فۆرمەکانی مەوڵەتدان بە کۆمپانیای مککێسۆن پەسەند بکەن، ئەو کۆمپانیایەی کە گرێبەستی لەگەڵ CDC ئەنجامداوە بۆ دابەشکردنی ڤاکسینەکە بۆ شوێنەکان لە ناویاندا نەخۆشخانە خۆجێهیەکان و ئەوانەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکانی ویلایەتەکان.

دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی

هەواڵی یاداشتەکەی CDC هاوکات بوو لەگەڵ لێدوانێکی ڕۆژی چوارشەممەی دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی بەڕێوەبەری ئینستتوتی نیشتمانی ئەمەریکا بۆ نەخۆشییە درمییەکان کە گوتی دڵنیایە تا کۆتایی ساڵ ڤاکسینێکی " سەلامەت و کاریگەری دژ بە کۆڤد19 ئامادە دەبێت."

هەرچەندە فاوچی لە چاوپێکەوتنەکەی هەفتەی ڕابوردوویدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز گوتی کە ''ئەو شتەی کە نابێت ڕووبدات ئەوەیە کە پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی ڤاکسینێک بەرلەوەی نیشانەکانی سەلامەتی بەدی بکرێت."

گوتیشی " یەكێک لەو مەترسیانەی کە ڕەنگە ڕووبدات ئەوەیە ئەگەر تۆ پێش وەخت ڕێگە بە بە ڤاکسینەکە بدەیت، ئەوە زەحمەت دەبێت ئەگەر مەحاڵ نەبێت، بتوانیت خەڵکی ناونوس بکەیت بۆ تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکانی تر."

پسپۆڕانی دیکەی تەندروستیش گومانیان دەربڕی سەبارەت بە دەرکردن و پشکنینی ڤاکسینی پێش تەواوبوونی تاقیکردنەوە پزیشکییەکان، دەڵێن پەلەکردن لە دابەشکردنی بۆ خەڵک لەوانەیە مەترسی سەلامەتی دروست بکات و هەستی دژە کوتان قووڵ بکاتەوە.

پاترشا زیتلەر، ڕاوێژکاری پێشووی یاریدەدەری بەڕێوەبەری خۆراک و دەرمان، ئەم هەفتەیە بە واشنتۆن پۆستی گوت " پێموایە ئەوە زۆر گرنگە ئێمە بەڵگەی بەهێزمان هەبێت لەسەر سەلامەتی و کاریگەری بۆ پاڵپشتیکردن لە ڤاکسین پێش ئەوەی FDA پەسەندی بکات." زێتلەر لە ئێستادا مامۆستای یاسایە لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ.

ڕاورگرتنێکی نوێی نێوەندی AP-NOR بۆ کاروباری لێکۆڵینەوەی گشتی ئەوەی دەخستووە کە تەنها نیوەی ئەمەریکاییەکان دەڵێن ئامادەن ڤاکسینەکە بەکاربهێنن.

هەتا ئێستا ژمارەی توشبوان و مردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا پێشەنگە لە ژمارەی توشبوان و مردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا.