چین سزا دەسەپێنێت بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی ئەمریکادا

وێنەیەک لە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی دژە چین لە هۆنگ کۆنگ

وڵاتی چین ڕایدەگەیەنێت سزای سەپاندووە بەسەر 11 سیاسی ئەمریکا و سەرۆکی ئەو ڕێکخراوانەشدا کە بانگەشە بۆ دیموکراسی دەکەن.

بێژینگ ناوی سیناتۆر مارکۆ ڕۆبیۆ و سیناتۆر تێد کروزی ڕاگەیاندووە لە نێو ئەوانەی سزاکانی چین دەیانگرێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت ئەو 11 کەسە هەڵوێستی خراپیان هەبووە لەو دۆسێیانەی پەیوەندییان بە هۆنگ کۆنگەوە هەیە.
چین دوای سەپاندنی یاسای ئاسایشی نیشتمانی، دەستیکرد بە سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازی و ئۆپزسیۆنەکان لە هۆنگ کۆنگ.

ژمارەی ئەو ئەمریکاییانەی ئەم سزایانەی چینیان بەسەردا سەپێنراوە، ڕێک هەمان ئەو ژمارەی کاربەدەستانەن لە هۆنگ کۆنگ کە هەفتەی ڕابردوو ئەمریکا خستنیە ناو لیستی سزاکانەوە بەهۆی ئەو هەڵمەتی سەرکوتکردنەی چین دەستیپێکرد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت "ئەو ڕێوشوێنانەی ئەمریکا گرتونیەتەبەر، دەستێوەردانێکی ڕوون و ئاشکرای ئەمریکایە لە کاروباری هۆنگ کۆنگ و ئەمەش یانی دەستێوەردان لە کاروباری چین و هەروەها پێشێلکارییەکی ترسناکی یاسا نێونەتەوەییەکان و پرەنسیپە بنچینەییەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانە."

چین داوا دەکات ئەمریکا تێگەیشتنی هەبێت بۆ ڕەوشەکە و وەک دەڵێت "بۆ ڕاست کردنەوەی ڕەوشەکە پێویستە دەستبەجێ دەستێوەردان ڕابگرێت لە کاروباری هۆنگ کۆنگ و کاروباری ناوخۆیی چیندا."

سیناتۆر جۆش هاولی، سیناتۆر تۆم کۆتن، سیناتۆر کریس سمیث و هەروەهاش کارل گیرشمان، سەرۆکی نێوەندی دیموکراسی و دێریک میتشڵ، سەرۆکی ڕێکخراوی دیموکراسی نیشیتمانی و دانیال توینینگ، سەرۆکی نێوەندی کۆماریی نێونەتەوەیی و کینیث ڕوث، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و مایکڵ ئەبراموفیتز، سەرۆکی خانەی ئازادی، ناویان لە نێو ئەو ناوانەدان کە چین سزای سەپاندونەتە سەر.

لیژنەی هەمیشەیی ئەنجومەنی یاسادانانی نیشتمانی لە چین لە مانگی ڕابردوودا یاسای ئاسایشی نیشتمانی پەسەند کرد، وەک هەنگاوێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەند مانگەی ناڕەزایی توند ئامێز بەرامبەر حکومەتی چین. بێژینگ دەڵێت هێزی بیانی هاندەری ئەو ئاژاوانەن بۆ ڕوخاندنی فەرمانڕەوایەتی چین لە هۆنگ کۆنگ.