کۆرۆنا لە سوریا

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سوریادا وەک بەڵایەکی تر لەو وڵاتە بەشەڕ وێرانبووەدا لێی دەڕوانرێت.

بەهۆی نزیکەی 10 ساڵی شەڕی ناوخۆی سوریاوە، زۆربەی هەرە زۆری نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکانی وڵاتەکە ڕوخاون، ئەمەش وەها دەکات، وەک چاودێر دەڵێن، ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو بڵاوببێتەوە.

ڕەیچەڵ سایدەر، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی نەرویژی بۆ کاروباری پەنابەران، ئاگاهی دەدات لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە سوریادا و دەڵێت بەهۆی داڕمانی سیستەمی تەندروستی سوریاوە، ڕێگەیەکی ئەوتۆ و تواناییەکی ئەوتۆ نییە تا کاربەدەستانی سوریایی بتوانن ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگرن.

پێشتر وەزیری تەندروستی سوریا ڕایگەیاند کە تەنها یەک کەس هەڵگرئی ڤایرۆسی کۆرۆنایە لە وڵاتەکەیدا و ئەو کەسەش کەرەنتینە کراوە، بەڵام هەندێک سەرچاوە لەناو سوریاوە دەڵێن ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر بە بەربڵاوتر لەوەی کاربەدەستان باسی دەکەن، بڵاوبۆتەوە، وە دەشڵێن چونکە تواناییەکان لاوازن بۆ پشکنینە تەندروستییەکان لە سوریادا، هەر بۆیە ئەوانەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن، نادۆزرێنەوە.