دادگای باڵای فەرەنسا قایل بووە بە ڕادەستکردنی ئەندازیارێکی ئێرانی بە ئەمەریکا

باڵاترین دادگای فەرەنسا ڕۆژی چوارشەممە ڕادەستکردنی ئەندازیارێکی ئێرانی بە ئەمەریکا پەسەند کرد کە بەهۆی سەرپێچیکردن لە سزاکانی ئەمەریکا دژ بەو وڵاتەی کە تیایدا لەدایک بووە دەستگیر کراوە.

جەلال ڕوحوڵانژاد لە مانگی 2 ی ساڵی 2019 لە فڕۆکەخانەی نیس دەستگیر کرا پاش ئەوەی بە ڕێگای مۆسکۆ لە تارانەوە گەیشتبوو و ڤیزای کارکردنی فەرەنسی بەدەستهێنابوو.

بە پێی کاربەدەستانی دادگاکە دوو دادوەری ئەمەریکا گومانیان لەوە هەیە ڕوحوڵانەژاد دەستیهەبووە لە هەوڵێکدا بۆ ناردنی کەرەستەی هەستیاری پیشەسازی بۆ ئێران.

پاش کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 واشنتن جارێکی تر ئابلوقەیەکی بازرگانی فراوانی خستەوە سەر ئێران.

ئەو کەرەستانەی کە گوایە ڕەوانە کراون بۆ ئێران بەشێک بوون سیستمی دژە درۆن یان فڕۆکەی بیفڕۆکەوان.