نوێنەرانی وتووێژی ئاشتی ئەمەریکا و تالیبان دەگەنە ئیسلام ئاباد

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆئاشتەوایی لە ئەفغانستان زاڵمای خەلیلزاد و وتووێژکەرانی سیاسی تالیبان گەیشتنە پاکستانی دراوسێ لە هەوڵێکدا بۆ نوێکردنەوەی وتووێژەکانی نێوان واشنتن و ئەو گروپە یاخیبووە.

شاندی تالیبان سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە چەند کاتژمێرێک پاش خەلیلزاد و تیمەکەی گەیشتنە پایتەختی پاکستان. هەردوو تیم بۆ چەند ڕۆژێک لە وڵاتەکە دەمێننەوە.

لە کاتێکدا هەردوولا سورن لەسەر ئەوەی سەردانی پاکستان بە مەبەستی وتووێژی فەرمی دەکەن لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی میواندار، بەڵام گوتەبێژی تالیبان سوهەیل شاهین بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " وتووێژێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان تیمە 11 ئەندامێکەی تالیان و شاندی ئەمەریکا ڕەت ناکەمەوە." ئەو گوتیشی شاندی تالیبان هەتا شەشی مانگی دە لە ئیسلام ئاباد دەمێننەوە.

ئەم سەردانە چاوەڕوان نەکراوە چەند هەفتەیەک پاش ئەوە دێت کە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەستبەجێ کۆتاییهێنا بەو وتووێژانە زیاتر لە ساڵێک بوو لە نێوان ئەمەریکا و تالیبان ئەنجام دەدران لە کاتێکدا کە هەردوو لا زۆر نزیک ببونەوە لە مۆرکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی کە دەشیا کۆتایی بە شەڕی 18 ساڵەی ئەفغانستان و درێژدەمترین شەڕی لەشکری ئەمەیرکا بهێنایە.

گوتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، خەلیلزاد کە ڕێبەرایەتی تیمی ئەمەریکا دەکات لە وتووێژەکاندا لەگەڵ تالیبان، ئەم هەفتەیە لە ئیسلام ئاباد دەبێت بۆ بەشداریکردن لە وتووێژ و ڕاویژکردن لەگەڵ هاوشانە پاکستانییەکانی.

بێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات ئەو گوتەبێژە گوتیشی " ئەم ڕاوێژکارییە دووابەدووای وتووێژەکانی نێوان ئەمەریکا و پاکستان لە میانەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیو یۆرک سەری هەڵداوە."

سەرۆک وەزیری پاکستان عمران خان لە وتووێژی جیاجیایدا لەگەڵ ترامپ و خەلیلزاد لە نیو یۆرک داوای لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد وتووێژەکان دەستپێبکاتەوە و ئاشتی لەگەڵ تالیباندا بکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کوشندەی ئەفغانستان.