Accessibility links

ڕەزا زڕاب دەڵێت لە پاش گەواهیدانەکانی ڕووبەڕووی هەڕەشە و تۆمەتبارکردن بووەتەوە


ئەو بازرگانە تورکەی لە دادگایەکی نیویۆرک دانی‌نا بەوەی کاربەدەستانی باڵای پێشووی تورکیا دەستیان هەبووە لە شکاندنی گەمارۆکانی سەر ئێران، دەڵێت لەسەر گەواهیدانەکانی لە ناو زیندان لە لایەن زینداکراوێکی دیکە هەڕەشەی لێکراوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت ڕەزا زڕاب ڕۆژی پـێنجشەممە لە زیندانی برۆکلینی فیدراڵی لە نیویۆرک گواستراوەتە بۆ زیندانی میترۆپۆلیتانی نیویۆرک.

لە لایەکی دیکە یەکێک لەوانەی لەگەڵ زڕاب لە بەندیخانەی مانهاتن زیندانی بوو و تەمەنی 62 ساڵە، دەڵێتزڕابی تەمەن 34 ساڵ دەستدرێژی سێکیسی کردووەتە سەر، بۆیە بە نیازە سکاڵای لەسەر تۆماربکات.

فەوزی جابر دەڵێت کاتێک لە نێوان مانگی سێ و مانگی یازدە پـێکەوە لە بەندیخانەی مانهاتن زیندانی کرابوون، زڕاب دەستدرێژی کردووەتەسەر.

ڕۆبەرت ئنیلۆ پارێزەری زڕاب ئەمە بە درۆیەکی شاخدار ناودێردەکات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس پـرسیاری کردووە لە ئەلیکسی شاخت پارێزەری فەوزی جابر کە بۆچی کاتی خۆی سکاڵای لە دژی زڕاب تۆمار نەکردبوو، ئەویش لە وەڵامدا گوتویەتی لەم دوایـیانە بووە بە پارێزەری فەوزی و لە زووترین کاتدا سکاڵاکە تۆماردەکات.

ئۆفیسی بەندیخانە فیدراڵیـیەکانی ئەمەریکا لای خۆیەوە ڕایگەیاند هیچ بەڵگەیەک نیـیە ئەم ئیدیعایانەی فەوزی جابر بسەلمێنێت.

جێی ئاماژەیە لە کۆتایی مانگی یازدە، ڕەزا زڕاب لەبەردەم دادگایەکی فیدراڵی ئەمەریکا لە نیویۆرک گەواهی دا و گوتی زافر چاغڵەیان وەزیری پـێشووی ئابوری تورکیا کارئاسانی بۆ کردبوو لە شکاندنی گەمارۆکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کە ئەو سەردەمە سەرۆک وەزیر بوو، فەرمانی بە بانکەکانی تورکیا کردبوو لەو کارە یارمەتیان بدەن.

لە پاش ئەم گەواهیدانەی زڕاب، دەسەڵاتدارانی تورکیا فەرمانیان کرد دەستبگیرێت بەسەر سەروەت و سامانەکانی زڕاب و کەسوکاری لە تورکیا.

XS
SM
MD
LG