Accessibility links

زیلێنسکی دەڵێت دەکرێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکا چاک بکرێتەوە و ڕێککەوتنی کانزاکان واژۆ بکرێت


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زیلێنسکی ڕۆژی یەکشەممە وتی وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی کانزا دەگمەنەکانی زەوی لەگەڵ ئەمەریکادا، وتیشی باوەڕی وایە دەتوانێت پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا چاک بکاتەوە.

دوای کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی ئەوروپا لە بەڕیتانیا، زێلێنسکی بە ڕۆژنامەنووسانی وت پێی وایە ئەمەریکاش ئامادەیە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی کانزاکان، بەڵام " ڕەنگە پێویستی بە هەندێک کات بێت بۆ شیکردنەوەی هەندێک لە شتەکان."

هەفتەی ڕابردوو زێلێنسکی و سەرۆک ترامپ بڕیاربوو ڕێککەوتنەکە واژۆ بکەن لە ماوەی سەردانێکی زێلێنسکیدا بۆ کۆشکی سپی، بەڵام ئەو پلانە شکستی هێنا دوای ڕووبەڕووبوونەوە توندەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و جێگرەکەی جەی دی ڤانس لەگەڵ زێلێنسکیدا لە کۆشکی سپی.

زێلێنسکی وتی ئۆکرانیا پشتی بەستووە بە یارمەتییەکانی ئەمەریکا لە شەڕەکەیدا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

وتی " پێم وایە ڕاگرتنی ئەو یارمەتییانە تەنها یارمەتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەدەن. لەبەرئەوەشە کە پێم وایە ئەمەریکا و نوێنەرانی جیهانی شارستانی و سەرکردەکانی ئەم جیهانە دەبێت بە دڵنیاییەوە یارمەتی پوتن نەدەن."

سەرۆک ترامپ زێلێنسکی بە کەسێک ناوبرد کە سوپاسگوزار نییە و پێی وایە ڕێککەوتنی کانزاکان ڕێگەیەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ملیاران دۆلارەی کە ئەمەریکا لە یارمەتییەکاندا بۆ ئۆکرانیای دابین کردووە.

سەرۆک ترامپ باسی لە پێویستییەکان کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە و لە ڕێی پەیوەندی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ پوتندا کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیادا لە سعودیە کۆبوونەتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەگەری ڕێککەوتنێکی ئاشتی بەبێ بەشداری بەرپرسانی ئۆکرانیایی.

سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث نوسی " پێویستە کاتێکی کەمتر تەرخان بکەین بۆ بیرکردنەوە لە پوتن، کاتێکی زیاتر تەرخان بکەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چەتە کۆچبەرە لاقەکارەکان و بازرگانانی دەرمانەکان و بکوژان و ئەو کەسانەی کە لە نەخۆشخانە دەروونییەکانەوە دێنە ناو وڵاتەکەمانەوە، بۆ ئەوەی وەکو ئەوروپامان لێنەیەت."

ئەمەش دوای گفتوگۆکانی ڕۆژی یەکشەممە هات لە لەندەن کە تێیدا سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کییەر ستارمەر بە 18 وڵاتی هاوپەیمانی وتی کە لەگەڵ دوودڵی ئەمەریکادا لەسەر پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا، ئەوروپا خۆی لە چوارڕیانێکی مێژوودا دەبینێتەوە.

ستارمەر وتی " ئەمە ساتی قسەکردنی زیاتر نیە، ئێستا کاتی جووڵەکردنە، کاتی هەستان و پێشەنگیکردن و یەکگرتنە لە دەوروبەری پلانێکی نوێدا بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەرانە."

ستارمەر وتی لە کاتێکدا کە ئەمەریکا هیچ گرەنتییەکی نیە بەشدار بێت وەکو پشتیوانییەک بۆ ئەگەری هێزێکی ئاشتی پارێز لە ئۆکرانیادا، " ئەوروپا دەبێت کارە قورسەکە بکات " لە خستنەوەی ئاشتییەکدا لە ئۆکرانیا. وتی " هاوپەیمانیەک لە ئیرادە " ئامادەیە بۆ یارمەتیدان لە بەرگریکردن لە هەر پەیماننامەیەک.

هاوکات ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا مایکڵ واڵتز ڕۆژی یەکشەممە بە سی ئێن ئێنی وت " ئەوەی ڕوون نەبوو بۆ ئێمە ئەوە بوو کە ئایا ئەو ' زێلێنسکی ' هەمان ئامانجی ئێمەی هەیە لە کۆتایی هێنان بەم جەنگە. ڕوون نەبوو کە ئایا ئەو ئامادەیە بۆ ئاشتی یان نا."

بە پێچەوانەی واشنتنەوە، زێلێنسکی بە گەرم و گوڕی لە کۆبوونەوەکەدا لەلایەن زۆرێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپاوە پێشوازی لێکرا، لەگەڵ سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ و سکرتێری ناتۆ مارک ڕوتیشدا. لایەنگرانی زێلێنسکی لە دەرەوەی شوێنی مانەوەی ستارمەر گردبوونەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکرانیا دەربڕی.

لە کاتێکدا کە سەرکردەکان ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوە، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین هۆشداریدا و وتی " ئێمە دەبێت بەپەلە ئەوروپا پڕچەک بکەینەوە و ئامادە بین بۆ خراپترین " لە کیشوەرەکەدا.

سەرۆک وەزیری پۆڵەندا دانۆڵد توسک داوای لە ئەمەریکا و ئەوروپا کرد " بە یەک دەنگ قسە بکەن " لە پیشاندانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کە " ڕۆژئاوا هیچ نیازێکی نیە خۆی بەدەستەوە بدات لەبەردەم ڕەشبگیری و دوژمنکارییەکەی ئەودا."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆش وتی " ئێمە هەوڵ دەدەین کۆتایی بە جەنگێک بهێنین. تۆ ناتوانیت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنیت هەتاوەکو هەردوولا نەیەنە سەر مێزەکە، سەرەتا ڕووسیاییەکان. سەرۆکیش مەبەستی لەو خاڵە بوو."

وتی " من پێتان ناڵێم کە ئەوە دەکرێت، پێتان ناڵێم کە لە سەدا 90 ڕێی تێدەچێت. دەڵێم لە سەدا 0 دەبێت ئەگەر نەتوانین هەردوولایان بهێنینە سەر مێزی گفتوگۆ. هەتا زووتریش هەمووان لێرە کۆدەبنەوە و بۆیان دەردەکەوێت کە ئەمە جەنگێکی خراپە و بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپ دەڕوات و مەرگ و کاولکاری و سەرجەم مەترسییەکانی دیکەی لێدەکەوێتەوە کە ڕەنگە ببنە هۆی ململانێیەکی بەرفراوانتر، زووتر خەڵکەکە گەورە دەبن و بۆیان دەردەکەوێت کە پێم وایە دەتوانین بەرەوپێشچوونی زیاتر بکەین."

ستارمەر وتی متمانە بە پوتن ناکات بەڵام متمانە بە سەرۆک ترامپ دەکات. " ئایا باوەڕم بە دانۆڵد ترامپ هەیە کاتێک دەڵێت ئاشتییەکی هەمیشەییم دەوێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارە بەڵێیە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG