Accessibility links

وتارەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ پەرلەمانی بەڕیتانیا


پەرلەمانی بەڕیتانیا لەمیانەی پێشوازیکردن لە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمێر زێلێنسکی
پەرلەمانی بەڕیتانیا لەمیانەی پێشوازیکردن لە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمێر زێلێنسکی

ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە وتارێکی پێشکەشی پەرلەمانی بەڕیتانیا کرد و پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە بە چەپڵە و هەستانە سەر پێ پێشوازییان لێکرد.

زێلێنسکی لەمیانەی وتارەکەیدا بەڵێنیدا " تاوەکو کۆتایی شەڕ بکات." و ئاماژەی بەوەدا " کۆڵ نادەین و نادۆڕێین."

وتی " تاوەکو کۆتایی لە دەریا و ئاسماندا شەڕ دەکەین. بەردەوام دەبین لە شەڕکردن بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەمان، باجەکەشی هەرچییەک بێت هەر بەردەوام دەبین."

زێلێنسکی وتی " لە دارستانەکاندا شەڕ دەکەین، لە دەشتەکاندا شەڕ دەکەین، لە کەنار دەریاکاندا شەڕ دەکەین، لەسەر شەقامەکان شەڕ دەکەین." ئەم لێدوانەی زێلێنسکی هاوشێوەی لێدوانە مێژووییەکەی سەرۆک وەزیری پێشووتری بەڕیتانیا وینستن چێرچڵ بوو کە دوای ئەوەی هێزەکانی بەڕیتانیا لە جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن نازییەکانەوە ناچارکران لە فەڕەنسا بکشێنەوە، لێدوانێکی هاوشێوەی لە پەرلەمانی بەڕیتانیادا پێشکەش کرد.

لە مانگی شەشی ساڵی 1940 دا وینستن چێرچڵ دوابەدوای کشانەوەی هێزەکانی بەڕیتانیا لە دەنکێرک لە پەرلەمانی بەڕیتانیادا وتی " لەسەر کەنار دەریاکان شەڕ دەکەین، لەسەر خاکەکە شەڕ دەکەین، لە دەشتەکان و شەقامەکاندا شەڕ دەکەین، لە سەر گردەکان شەڕ دەکەین، هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین."

لەکاتێکدا سوپاسی وڵاتانی ڕۆژئاوای کرد لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا، زێلێنکسی ئاماژەشی بەوەدا هاوپەیمانێتی ناتۆ شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی داواکانی بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی دژە فڕین لە ئۆکرانیادا.

زێلێنسکی ڕاستەوخۆ داوای لە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن کرد " تکایە فشاری سزاکان دژی ئەم وڵاتە زیاد بکە. تکایە ئەم وڵاتە وەکو وڵاتێکی تیرۆریست بناسێنە."

وتیشی " تکایە دڵنیاببەرەوە لەوەی ئاسمانەکانمان پارێزراو دەبن. تکایە دڵنیاببەرەوە لەوەی کە هەرچیەک پێویست بێت ئەنجام بدرێت."

لە وەڵامدا جۆنسن وتارەکەی زێلێنسکی بەرز نرخاند و وتی " هەرگیز پێشتر پەرلەمانی بەڕیتانیا گوێبیستی وتارێکی لەمشێوەیە نەبووە."

وتی " هەست و سۆزی هەموومانی لەم پەرلەمانەدا جووڵاند." بەڵێنیشیدا ڕۆژئاوا بەردەوام بێت لە پێدانی چەک بە ئۆکرانیا و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا و بەڕیتانیا هەناردەی سوتەمەنی ڕووسیایان قەدەغە کرد.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG