Accessibility links

زێلێنسکی پێشوازی لە کۆمەکی سەربازیی بڕی 683 ملیۆن دۆلاری سوید دەکات


هاویتزەری دروستکراوی سویدی، ئۆکرانیا
هاویتزەری دروستکراوی سویدی، ئۆکرانیا

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژی سێشەممە پێشوازی لە یارمەتییە سەربازییە 683 ملیۆن دۆلارییەکەی سوید کرد بۆ ئۆکرانیا، کە لە کاتێکدایە ڕابەرانی ئۆکرانیا بەردەوامن لە هەوڵەکانییان بۆ دەستکەوتنی یارمەتی نێودەوڵەتی زیاتر لە پێناو شەڕەکەیاندا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

زێلێنسکی پشتیوانییەکەی سوید بە " یارمەتییەکی گەورە بۆ بەرخۆدانی ئۆکرانیا دژی دوژمنکاری ڕووسیا " ناودەبات و دەڵێت " وەبەرهێنانێکی بەهێزە لە پاراستنی ئاشتی و ئازادیدا لە ئەوروپا."

زێلێنسکی وتی " تەقەمەنی تۆپهاوێژەکان و سیستمی بەرگری و نارنجۆک هاوێژەر و بەلەمی شەڕکردن و ئوتومبێلی زریپۆش و کەلوپەلەکانی دیکە دەگەنە ئاستی هەندێک لە پێویستییەکانی جەنگاوەرەکانمان لە بەرەکانی پێشەوەدا."

وەزیری بەرگری سوید پۆڵ جۆنسن وتی یارمەتییەکە گەورەترین یارمەتی سویدە کە تاوەکو ئێستا پێشکەشی ئۆکرانیای کردبێت و چەک و کەلوپەلەکانیش " لە ئاست هەندێک لە پێویستییە بەپەلەکانی ئۆکرانیادان."

جۆنسن وتی " ئۆکرانیا نەک تەنها بەرگری لە ئازادی خۆی دەکات بەڵکو بەرگری لە ئازادی هەموو ئەوروپاش دەکات. سوید تاوەکو پێویست بکات لە پاڵ ئۆکرانیادا دەوەستێت. ناکرێت ڕێگە بدرێت ڕووسیا لەم جەنگەدا سەربکەوێت."

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا شمیهاڵ ڕۆژی سێشەممە وتی سوپای ئۆکرانیا پشتیوانی ئەمەریکا و ئەوروپای دەستکەوتووە، بەڵام پێویستی بە موشەکی مەودا دووری زیاتر هەیە بۆ پتەوکردنی بەرگرییەکانی دژی هێرشەکانی ڕووسیا.

وتی " بە داخەوە ئێستا ئەوان لە ئاسماندا باڵادەستن و بە داخەوە ئەمە لە بەرەکانی پێشەوەدا دەرەنجامی لێدەکەوێتەوە."

ڕۆژی دووشەممە زێلێنسکی دوای سەردانەکەی بۆ هێڵی پێشەوەی نزیک شاری کوپیانسکی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا وتی ڕووسیا سوودی لە دواکەوتنی یارمەتییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا وەرگرتووە.

زێلێنسکی وتی " ئێستا دۆخێکی زۆر سەخت هەیە لە چەند بەشێکی هێڵەکانی پێشەوەدا، بە تایبەتی لەو شوێنانەدا کە هێزەکانی ڕووسیا زۆرترین یەدەگییان داناوە."

ئەمەریکا کە گەورەترین یارمەتیدەری سەربازیی ئۆکرانیایە، لە مانگی دوانزەوە کاتێک خەرجییەکان بۆ یارمەتییەکانی ئۆکرانیا تەواو بوون، هێشتا یارمەتییە سەربازییە نوێیەکانی نەداوە بە ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کۆششی کردووە بۆ ڕازیکردنی کۆنگرێسی ئەمەریکا تاوەکو یارمەتییەک بە بڕی 95 ملیار دۆلار وەکو یارمەتی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا و ئیسڕائیل و تایوان پەسەند بکەن، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە یاسادانەرانی کۆمارییەکان دژایەتی دابینکردنی ئەو یارمەتییە دەکەن.

ڕۆژی دووشەممە بایدن وتی ئامادەیە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسندا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە.
بایدن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بێگومان خۆشحاڵ دەبم لەگەڵیدا کۆببمەوە، ئەگەر شتێکی هەبێت بۆ وتن."

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە زۆرینەیان دیموکراتەکانن پڕۆژە یاساکەیان پەسەند کردووە. بەڵام ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە کۆمارییەکان زۆرینەن تێیدا ئاماژەیان بەوە داوە جارێ تاوتوێی ئەو پڕۆژە یاسایە ناکەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG