ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی هاوپەیمانێتی ناتۆ توانا بەرگرییەکانی ئۆکرانیا پتەوتر دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای لە ڕابەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆ کرد چەکی زیاتر بدەن بە وڵاتەکەی بەشێوەیەک کە " سنووری نەبێت." ئەمەش دوای ئەوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا چووە مانگی دووەمییەوە.
داواکەی زێلێنسکی لەکاتێکدا بوو کە سەرۆک بایدن لەگەڵ ڕابەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا کۆبۆوە بۆ تاوتوێکردنی وەڵامدانەوە کورت و درێژخایەنەکانی هاوپەیمانێتیەکە بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.
زێلێنسکی لەمیانەی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا بە ڕابەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆی وت سوپای ئۆکرانیا پێویستی بە فڕۆکەی شەڕکەر و تانک و سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی و دەریایی هەیە، هاوکات هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ڕووسیا دەکرێت هێرش بکاتە سەر وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لە پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.
زێلێنسکی وتی " ڕووسیا نیازی نیە بە ئۆکرانیاوە بوەستێت، دەیەوێت زیاتر بڕوات، دژی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانێتی ناتۆ، بەدڵنیاییەوە دەیەوێت بەرەو وڵاتانی باڵتیک و پۆڵەندا بڕوات."
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە " سەرۆک بایدن وتوویەتی لە نێوان ئێستا و کۆبوونەوەکەی مانگی شەشی ناتۆدا پەرە بە کۆمەڵێک پلان دەدەین بۆ زیادکردنی هێزەکان و تواناکانیان، ئەوەش بەمەبەستی پتەوکردنی بەرگرییەکانی ناتۆ."
بەرپرسێکی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات تاوەکو بتوانێت باس لە کۆبوونەوەکەی ناتۆ بکات، بە ڕۆژنامەنووسانی وت زێلێنسکی لەمیانەی پەیوەندییە ڤیدیۆییەکەیدا جەختی لە داواکەی بۆ دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین نەکردۆتەوە، کە پێشتر هاوپەیمانێتی ناتۆ ئەو داوایەی زێلێنسکییان ڕەت کردەوە و وتیان ئەگەر ئەوە بکەین ئەوا دەچینە ململانێیەکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ڕووسیادا.
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ کە ئاماژەی بەوەدا بوو هاوپەیمانێتیەکەی فڕۆکەی جەنگی یاخود هێز ڕەوانەی ئۆکرانیا ناکات، پێش کۆبوونەوەکەی ناتۆ دانی بەوەدانا کە ناتۆ پێویستە بەرگرییەکانی پتەوتر بکات و " خۆی بگونجێنێت لەگەڵ واقعی نوێی ئاسایشی ئەوروپادا."
دوابەدوای کۆبوونەوەکە، ستۆڵتنبێرگ وتی فەرماندەی سەربازیی باڵای هاوپەیمانێتییەکە، جەنەڕاڵ تۆد دی ۆڵتەرز " هێزە بەرگرییەکانی ناتۆی بۆ وەڵامدانەوەی چەکی کیمیایی و بایەلۆجی و تیشک و ناوەکی چالاک کردووە."
وتی " هاوپەیمانان بەرگریی زیاتر بڵاودەکەنەوە دژی چەکی بایۆلۆجی و کیمیایی و ناوەکی، ئەمەش لەپێناو پتەوکردنی بوونی ناتۆ و کۆمەڵە سەربازییە شەڕکەرە نوێیەکاندا."
وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ دوابەدوای کۆبوونەوەکەیان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و وتیان " پابەندبوونیان بە زیادکردنی خەرجییە بەرگرییەکانیان لە داهاتی ناوخۆی وڵاتەکەیان بۆ لەسەدا 2 خێراتر دەکەن." ئەمەش " ڕێگە بە هاوپەیمانێتیەکە دەدات پێگەیەکی بەرگریی درێژخایەن دروست بکات."
هاوپەیمانێتیەکە بەڵێنیدا " پەرەی زیاتر بدەن بە هێزە ئامادەکانیان و ئەو توانا پێویستانەی کە گرنگن بۆ پاراستنی بەرگرییەکانی ناتۆ."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا