Accessibility links

زێلێنسکی: ئۆکرانیا کەی بیەوێت کرایمییە دەگرێتەوە


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بەڵێنیدا ئۆکرانیا کەی بیەوێت نیمچە دوورگەی کرایمییەی ئۆکرانیا لە ژێر دەستی ڕووسیادا دەردەهێنێتەوە، گوتیشی کیێڤ پێش ئەوەی ئەو کارە بکات ڕاوێژ بە وڵاتانی دیکەش ناکات.

زێلێنسکی لەمیانەی کۆڕبەندێکدا لەسەر کرایمییە ئەم لێدوانەیدا، کە دەیان ڕابەری وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشدارییان تێدا کرد و زۆرینەی لەڕێی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە بەشدارییان کرد، کۆڕبەندەکەش لەلایەن کیێڤەوە میوانداریکرا.

زێلێنسکی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند " کرایمییە دەگەڕێنینەوە، ئەوە خاکی خۆمانە. بە هەر شێوازێک بمانەوێت ئەمە دەکەین، خۆمان بڕیار لەسەر ئەمە دەدەین، بەبێ ڕاوێژکردن بە هیچ وڵاتێکی دیکە لە جیهاندا."

لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا نیمچە دوورگەی کرایمییەی گرتەخۆی، لە مانگی دووی ئەمساڵیشدا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد و خاکێکی بەرفراوانی لە هەرێمی خێرسۆنی باشوور و زاپۆریژای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا داگیرکردووە.

ئۆکرانیا چەکی ڕۆژئاوایی بەکارهێناوە بۆ بە ئامانجکردنی هێڵی دابینکردنی پێویستییەکانی سوپای ڕووسیا و بەڵێنیداوە هێرشێکی پێچەوانەی گەورە لە باشووری وڵاتەکە ئەنجام بدات.

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا چەند تەقینەوەیەک لە کرایمییە ڕوویانداوە، ئۆکرانیا بەرپرسیارێتی هیچ کام لە تەقینەوەکانی ڕانەگەیاندووە.

زێلێنسکی لە وتارەکەی ڕۆژی سێشەممەدا باسی لە قەیرانەکانی لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژادا کرد کە ڕووسیا کۆنتڕۆڵی کردووە و لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بۆردومانکراوە، ئەوەش وایکردووە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی داوا بکات پشکنەرەکانی ڕەوانەی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا بکات.

ڕووسیا پێشنیاری کردووە تیمەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بە کرایمییەدا گەشت بکەن بۆ وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا، زێلێنسکیش دەڵێت ئەو پێشنیارە لەگەڵ یاساکانی ئۆکرانیادا یەک ناگرێتەوە.

زێلێنسکی گوتی " دەزانین پێشنیار هەن بۆ ئەوەی نوێنەرانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بە کرایمییەی داگیرکراودا گەشت بکەن. گوتوومانە ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەوا چیتر دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ناتوانێت بێت بۆ ئۆکرانیا، ئەوەش بەپێی یاساکانمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG