Accessibility links

زێلێنسکی داوا دەکات یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا بە خێرایی لە ئەنجومەنی سینات پەسەند بکرێت


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژی یەکشەممە پێشوازی کرد لە پەسەندکردنی پاکێجێکی یارمەتی ئەمەریکایی بە بڕی 60 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاوە، بەڵام داوای لە واشنتن کرد پڕۆژە یاساکە بکەن بە یاسا و دەستبکەن بە گواستنەوەی چەکەکان، وتی چەکە مەودا دوورەکان و سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی کەلوپەلی لە پێشینەن.

لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ پڕۆگرامی Meet the Press ی کەناڵی ئێن بی سیدا، زێلێنسکی وتی پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە پەیامێکی بەهێز دەبێت بۆ ڕووسیا لەسەر ئەوەی کە واشنتن لە پاڵ کیێڤدا دەوەستێت و نابێتە " ئەفغانستانی دووەم."

زێلێنسکی وتی " پێم وایە ئەم پشتیوانییە بە ڕاستی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بەهێزتر دەکات و دەرفەتێکییان دەداتێ بۆ سەرکەوتن." بەڵام داوای لە یاسادانەرانی ئەمەریکا کرد بە خێرایی کاربکەن بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە لە ئەنجومەنی سیناتدا.

وتی " بەڕاستی دەمانەوێت ئەمە بگەیەنینە خاڵی کۆتایی. دەمانەوێت لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەند بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بە زووترین کات یارمەتییەکی بەرجەستە بگەیەنین بە سەربازەکانمان لە هێڵەکانی پێشەوە."

یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا چەندین مانگە ڕاگیراون، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسای پاکێجی یارمەتییە ئاسایشییەکانی بە بڕی 95 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا و ئیسڕائیل و تایوان پەسەند کرد.

نزیکەی 26 مانگ دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ڕووسیا بە خاویی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێشڕەوی دەکات و بۆردومانەکانی لە شار و شارۆچکەکانی هێڵەکانی پێشەوە زیاتر کردووە، ئەمەش لە نێوەندی خاوبوونەوەی یارمەتییە سەربازییەکانی ڕۆژئاوادا بۆ ئۆکرانیا.

ئێستا پڕۆژە یاساکە ڕەوانەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەکرێت کە دیموکراتەکان زۆرینەن تێیدا، دوو مانگ لەومەوبەر ئەو ئەنجومەنە پڕۆژە یاسایەکی هاوشێوەی پەسەند کرد. ڕابەرانی ئەمەریکا بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنی دیموکراتەوە تاوەکو ڕابەری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات میچ مککۆنێڵ داوایان لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسنی کۆماری کردووە پڕۆژە یاساکە بخاتە دەنگدانەوە.

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا تاوتوێی پڕۆژە یاساکە بکات کە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندی کردووە. پێشبینی دەکرێت هەفتەی ڕابردوو پەسەند بکرێت، دواتریش پڕۆژە یاساکە ڕەوانەی سەرۆک بایدن دەکرێت تاوەکو واژۆی بکات و بیکات بە یاسا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG