سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەردانەکەی بۆ ئەوروپا دەستپێکرد و بەڵێنێکی لە بەڕیتانیاوە وەرگرت لەسەر ئەوەی مەشق بە فڕۆکەوانە ئۆکرانییەکان بکەن لەسەر فڕۆکە شەڕکەرە پێشکەوتووەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ، ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە لە پشتیوانییە سەربازییەکانی ڕۆژئاوادا.
لە دووەمین سەردانی دەرەوەیدا لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، زێلێنسکی لە لەندەن لەگەڵ سەرۆک وەیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناکدا کۆبۆوە و وتارێکی پێشکەشی پەرلەمانی بەڕیتانیا کرد.
زێلێنسکی لە وتارەکەیدا بۆ پەرلەمانی بەڕیتانیا، چەند جارێک جەختی لە داواکەی کردەوە بۆ فڕۆکەی شەڕکەر، کە بە " باڵی ئازادی " ناویبردن. وڵاتانی ڕۆژئاوا تاوەکو ئێستا خۆیان بە دوورگرتووە لە ڕەوانەکردنی فڕۆکەی جەنگی بە ئۆکرانیا و چەکێک کە مەوداکەی بگاتە ناو جەرگەی ڕووسیاوە.
زێلێنسکی وتی " ئۆکرانیا هەرچی لە توانایدا بێت و هەرچی مەحاڵیش بێت دەیکات بۆ ئەوەی جیهان فڕۆکەی پێشکەوتوومان بداتێ تاوەکو ئەو فڕۆکەوانانە بەهێز بکات و بیانپارێزێت کە ئێمە دەپارێزن."
بە ماوەیەکی کورت پێش گەیشتنی زێلێنسکی، بەڕیتانیا پلانەکانی ڕاگەیاند بۆ فراوانکردنی پڕۆگرامەکانی پێدانی مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا، تاوەکو دڵنیا ببێتەوە لەوەی فڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا بتوانن فڕۆکە شەڕکەرە پێشکەوتووەکانی ستانداردی ناتۆ بەکاربهێنن.
لە ڕاگەیاندنەکەدا باس لە کاتی مەشقەکە نەکراوە، هەروەها باسی لەوەش نەکردووە کە ئایا بەڕیتانیا فڕۆکەی شەڕکەری خۆی دەدات بە کیێڤ یاخود نا، بەڵام ڕاگەیاندنەکە تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە پشتیوانییەکاندا کە ڕەنگە ببێتە هۆی ڕێگە خۆشکردن لەبەردەم وڵاتانی دیکەشدا بۆ پێدانی فڕۆکە بە ئۆکرانیا.
سوناک بە پەرلەمانی وت بەڕیتانیا ئەو پشتیوانییەی ئۆکرانیا پێویستییەتی دابینی دەکات تاوەکو دڵنیا ببێتەوە لە سەرکەوتنی سەربازیی کیێڤ لەم ساڵدا.
زێلێنسکی بڕیار بوو لەگەڵ پاشا چاڕلسدا کۆببێتەوە و سەردانی ئەو هێزانەی ئۆکرانیا بکات کە لە بەڕیتانیا مەشق دەکەن. ئۆفیسی سوناک ڕایگەیاند وڵاتەکەی سزای سەپاندووە بەسەر کۆمەڵێک بەرپرسی دیکەی ڕووسیدا و لەگەڵ ئەوەشدا کەلوپەلی سەربازی و موشەکی مەودا دوورتر دەدات بە ئۆکرانیا.
زێلێنسکی سەردانی فەڕەنسا و ئەڵمانیاش دەکات و دواتریش لە بڕۆکسل بەشداری کۆبوونەوەکەی ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا دەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
زێلێنسکی سەردانی ئەوروپا دەکات
