Accessibility links

زێلێنسکی دەڵێت ئۆکرانیا شارە لەدەست چووەکان دەگرێتەوە


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت ئۆکرانیا سەرجەم ئەو شارانە دەگرێتەوە کە ڕووسیا داگیریکردوون، بە سیێڤیێرۆدۆنێتسکیشەوە، هەروەها دانی بەوەشدانا مامەڵەکردن لەگەڵ جەنگەکەدا لەڕووی سۆزدارییەوە سەختتر بووە.

زێلێنسکی لەمیانەی وتارەکەیدا وتی لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا ئۆکرانیا بە 45 موشەک و ڕۆکێتی ڕووسی لێیدراوە، وتیشی ئەمە هەوڵێکی گاڵتەجاڕ و شکستخواردووی ڕووسیایە بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلەکەی.

وتی " لەبەر ئەوە سەرجەم شارەکانمان، سیێڤیێرۆدۆنێتسک و دۆنێتسک و لوهانسک دەگرینەوە."

زێلێنسکی وتی " ئەم قۆناغەی جەنگەکە لەڕووی ڕۆحییەوە سەختە، لەڕووی سۆزدارییەوە سەختە، نازانین تاوەکو کەی ئەمە بەردەوام دەبێت، چەند شکستی دیکە و چەند لەدەستدانی دیکە و چەندێک هەوڵی دیکەی دەوێت تاوەکو سەرکەوتن لە ئاسۆدا ببینین."

هێرشە موشەکییەکە بێباکەکان پشتڕاستی کردەوە کە سزاکان دژی ڕووسیا بەس نین بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا، کە پێویستی بە چەکی زیاترە.

وتی " سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی و سیستمە پێشکەوتووەکان نابێت لە شوێنی مەشقەکان یاخود لە کۆگاکاندا بن، دەبێت لە ئۆکرانیا بن، لەو شوێنەدا کە پێویستە، بوونی ئەو چەکانە لێرە لە هەموو شوێنێکی دیکەی جیهان پێویستترە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG