Accessibility links

زێلێنسکی دەڵێت ئۆکرانیا کۆمەڵێک شارۆچکەی لە خارکیڤ گرتۆتەوە


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت " هەواڵی خۆش " هەیە لە هەرێمی خارکیڤەوە و گوتی هێزەکانی ئۆکرانیا هەندێک شارۆچکەیان لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ڕووسیادا دەرهێناوەتەوە.

زێلێنسکی لەمیانەی وتارێکیدا ستایشی " ئازایەتی و پاڵەوانی هێزەکانی ئۆکرانیای " کرد لە ماوەی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا.

گوتیشی هێزەکانی تۆپهاوێژی ئۆکرانیا هێرشی سەرکەوتوویان دژی هێزەکانی ڕووسیا لە باشووری ئۆکرانیا ئەنجامداوە.

جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسیی کۆڵن کاڵ گوتی " هێزەکانی ئۆکرانیا پێشڕەوییەکی خاو بەڵام مانادار دەکەن."

کاڵ گوتی " بە دڵنیاییەوە پێم وایە لە ئێستادا لە باشووری ئۆکرانیا شتەکان بۆ ئۆکرانییەکان باشترن وەک لە ڕووسییەکان."

وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا ڕۆژی پێنجشەممە گوتی هێزەکانی ئۆکرانیا پردێکی پۆنتۆنی سەربازییان لە شارۆچکەی داریڤکای هەرێمی خێرسۆنی باشووری وڵاتەکەیان لەناوبردووە، ئەو پردەش لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە بەکارهێندراوە، دوای ئەوەی پردێکی ئەو نزیکانە لەناوبراوە.

وەزارەتەکە گوتی لە ڕێی بە ئامانجکردنی خاڵەکانی تێپەڕبوونەوە، هێزەکانی ئۆکرانیا توانای ڕووسییەکان بۆ ڕەوانەکردنی هێز و پێویستییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باشووری ئۆکرانیا خاو دەکەنەوە.

وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا گوتی " خاڵی تێپەڕبوونی داریڤکا یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان میحوەرەکانی باکوو و باشووری هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا بەدرێژایی ڕووباری دنیپرۆ. بە ئامانجکردنی وردی خاڵە لاوازەکانی تێپەڕبوون ڕەنگە فشاری زیاتر لەسەر هێزەکانی ڕووسیا دروست بکەن لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدەن کۆنتڕۆڵی هێرشەکانی ئۆکرانیا بکەن."

XS
SM
MD
LG