Accessibility links

زێلێنسکی دەڵێت ئەفریکا ' دیلە ' لە جەنگەکەدا


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت لە جەنگەکەدا لەگەڵ ڕووسیا، ئەفریکا " دیلە ". جەنگەکەش هۆکارێکی دیکەیە لە بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک لەو کیشوەرەدا.

زیادبوونی قەیرانەکان بە توندی کاریکردۆتە سەر وڵاتانی ئەفریکا، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی دانەوێڵە و زەیتی چێشت لێنان و پەین.

ئۆکرانیا و ڕووسیا پێکەوە سێیەکی پێداویستییەکانی گەنمی جیهان دابین دەکەن، هاوکات ڕووسیا وڵاتێکی گرنگە لە هەناردەکردنی پەین و ئۆکرانیاش وڵاتێکی سەرەکییە لە هەناردەکردنی زەیتی گڵۆبەڕۆژە و گەنمەشامیدا.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا وتارێکی پێشکەشی کۆبوونەوەی گشتی یەکێتی ئەفریکا کرد و وتی " لە بارودۆخێکی بەپەلەدا قسەتان بۆ دەکەم، لەکاتێکدا کە جەنگێکمان هەیە. لە بارودۆخێکی بەپەلەدا بۆ هەموو جیهان، کە تیایدا ئەفریکا بە دیل گیراوە. دیلی ئەوانەی کە جەنگەکەیان دژی وڵاتەکەمان دەستپێکرد."

گوتیشی " لەوانەیە ئەم جەنگە وادەربکەوێت کە زۆر دوورە لە ئێوە و وڵاتەکانتانەوە. بەڵام بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک بەشێوەیەکی کارەساتاوی، جەنگەکەی هێناوەتە ناو ماڵی ملیۆنان خێزانی ئەفریکییەوە."

ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە بە مەبەست ڕێگەی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیای گرتبێت و دەڵێت بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک و سوتەمەنی لە جیهاندا بەهۆی ئەو سزایانەوەیە کە ڕۆژئاوا سەپاندوونی بەسەر ڕووسیادا، بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا، کە ڕووسیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناویدەبات.

لە سەرەتای مانگی شەشدا سەرۆکی سەنیگال ماکی ساڵ وتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن پێی وتووە ئامادەیە ڕێگە بدات دانەوێڵەی ئۆکرانیا هەناردەی سەنیگال بکرێت تاوەکو قەیرانی خۆراک لە جیهاندا کەم بکاتەوە، ئەو قەیرانە بەتایبەتی زۆر بە توندی لە ئەفریکای داوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG