سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەردانی پۆڵەندای کرد و سوپاسی ئەو وڵاتەی کرد بۆ ئەو یارمەتییە " مێژووییەی " پێشکەشی ئۆکرانیای کردووە، وتی دەبێت پۆڵەندا ببێتە هاوبەشێکی سەرەکی لە هەوڵەکانی دووبارە بونیادنانەوەی ئۆکرانیادا دوای تەواوبوونی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.
پۆڵەندا یەکێک بووە لە هاوپەیمانە جێگیرەکانی ئۆکرانیا و هەندێک کات ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە ڕازیکردنی ئەو وڵاتانەدا کە دوودڵ بوون لە پێدانی چەکی قورس بە ئۆکرانیا، زۆربەی ئەو چەکانەش بە پۆڵەندادا تێپەڕیون بۆ ئۆکرانیا. ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی پۆڵيندا ئاندژەی دودا وتی پۆڵەندا 14 فڕۆکەی شەڕکەری میگ – 29 دەدات بە ئۆکرانیا.
زێلێنسکی دوای ئەوەی خەڵاتی ڕێزلێنانی هەڵۆی سپی لە هاوتا پۆڵەندییەکەیەوە وەرگرت، کە گەورەترین خەڵاتی ڕێزلێنانە لە پۆڵەندادا، وتی " ئێوە شان بە شان لەگەڵماندا وەستاون، ئێمە سوپاسگوزاری ئەوەین. باوەڕم وایە ئەمانە پەیوەندییەکی مێژوویین، ئەنجامێکی مێژوویین، هێزێکی مێژوویین لە نێوان دوو وڵاتەکەماندا."
دواتر سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا لە قەڵای شاهانەی وارشۆی پایتەخت وتی پۆڵەندا و هاوپەیمانەکانی دیکە پێویستە پشتیوانی زیاتری ئابووری و سەربازیی و مرۆیی بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن.
وتی " هێشتا ڕێگایەکی دووردرێژ ماوە پێش کۆتای هاتنی جەنگەکە، قەرزاری قوربانییانی دوژمنکارییەکەین."
زێلێنسکی وتی " کاتێک شەڕەکە پێویستی بە تۆپهاوێژ بێت دەبێت دابین بکرێت. کاتێک سەرکەوتن پێویستی بە تانکەکان بێت دەبێت دەنگی تانکەکان لە بەرەکانی پێشەوە ببیسترێن. چونکە ئەمە شەڕکردنە بۆ ئازادی و مەحاڵە بە نیوەیی سەرکەوتوو بیت."
سەردانەکەی زێلێنسکی بۆ پۆڵەندا کە زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی ئۆکرانی وەرگرتووە، لە کاتێکدایە کە ئۆکرانیا پلان دادەنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی پێچەوانە لە هەفتەکانی داهاتوودا یاخود لە مانگەکانی داهاتوودا بۆ دووبارە گرتنەوەی ناوچەکانی لە ڕۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز