Accessibility links

زێلێنسکی داوا لە ئیسپانیا دەکات سزای قورستر بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لەمیانەی وتارەکەیدا بۆ پەرلەمانی ئیسپانیا داوای لە سەرجەم کۆمپانیا ئیسپانییەکان کرد بەتەواوەتی کارەکانیان لەگەڵ ڕووسیادا ڕابگرن و هەروەها داوای سزای توندتری ڕۆژئاوای کرد دژی مۆسکۆ، لەوانەش قەدەغەکردنی هاوردەکردنی گاز و نەوتی ڕووسی.

زێلێنسکی کە لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە وتارێکی پێشکەشی پەرلەمانی ئیسپانیا کرد، سەرکۆنەی کارە دڕندانەکانی ڕووسیای کرد دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارەکانی ئۆکرانیا، وتی ئەفسەرانی ڕووسیا بەو تاوانانەی ئەنجامییان داوە دەبێت بچنە بەردەم دادگای نێودەڵەتی.

زێلێنسکی وتی " سزاکان دەبێت بەهێز بن."

وتی " چۆن دەبێت ڕێگە بە بانکەکانی ڕووسیا بدرێت داهاتییان دەستبکەوێت لەکاتێکدا سوپای ڕووسیا ئەشکەنجەی هاوڵاتیانی مەدەنی شارەکانی ئۆکرانیا دەدات تاوەکو دەمرن، چۆن کۆمپانیا ئەوروپییەکان دەتوانن بازرگانی لەگەڵ وڵاتێکدا بکەن کە بە دەستی ئەنقەست خەڵکەکەمان لەناودەبات؟ "

لەمیانەی وتارەکەیدا، زێلێنسکی هێرشەکانی ڕووسیای لە ئۆکرانیا بەراورد کرد بە هێرشی نازییەکان لەمیانەی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا بۆ سەر شارۆچکەی گوێرنیکای هەرێمی باسکی ئیسپانیا لە ساڵی 1937 دا کە تیایدا فڕۆکەکانی نازییەکان بۆردومانی شارۆچکەکەیان کرد.

زێلێنسکی وتی " چارەنووسی سەرانسەری پڕۆژەی یەکێتی ئەوروپا، ئەو بەهایانەی کە هەموومان بەیەکەوە گرێ دەدات " لە ئۆکرانیا بڕیاری لەسەر دەدرێت، هەروەها داوای لە یاسادانەرانی ئیسپانیا کرد " کاری زیاتر بکەن بۆ ناچارکردنی ڕووسیا بۆ دەستکردن بە گەڕان بەدوای ئاشتی و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا."

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG