وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد بەشداری کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممە دەکات لە مۆسکۆ لەنێوان حکومەتی ئەفغانستان و بزوتنەوەی تاڵیباندا، ئەوەش وەکو " پشتیوانیەک لە پڕۆسەی ئاشتی ".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جالینا پۆرتەر وتی " لەچوارچێوەی هەوڵەکانماندا بۆ هاندانی پڕۆسەی ئاشتی و پشتیوانیکردنی، نوێنەر خەلیلزاد بەنیازە ئامادەی کۆبوونەوەکەی مۆسکۆ ببێت."
وتیشی " ئەم کۆبوونەوەیە زیاد دەکرێت بۆسەر هەموو هەوڵە نێودەوڵەتیەکانی دیکە بۆ پشتیوانیکردن لە پڕۆسەی ئاشتی ئەفغانی و ڕەنگدانەوەی نیگەرانیەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە سەبارەت بەو پێشڕەوییەی تاوەکو ئێستا لە گفتوگۆکاندا کراوە."
بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هەوڵی زیندووکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان کابوڵ و بزوتنەوەی تاڵیبان دەدات، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە پێویستە بڕیارێک بدات لەسەر جێبەجێکردنی کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان تاوەکو مانگی پێنج."
بەپێی ڕێکەوتنێکی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان کە لە مانگی دووی ساڵی 2020 دا واژۆکرا، ئەمەریکا ڕازیبووە تاوەکو مانگی پێنجی ساڵی 2021 سەرجەم هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە، لەبەرامبەریشدا تاڵیبان گرەنتی ئاسایش و گفتوگۆکردن لەگەڵ کابوڵدا بدات.
سەرچاوە/ فرانس پرێس