ناسنامەی ئەو کەسە ئاشکراکرا کە دوێنێ سێشەممە هێرشی کردە سەر ئۆفیسی سەرەکی یوتیوب لە شاری سان برونۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە لە ئەنجامدا هێرشبەرەکە خۆی کوشت پاش ئەوەی 3 کەسی بریندارکرد.
بەپـێی میدیاکانی کالیفۆرنیا، هێرشبەرەکە کچێکی بە ڕەچەڵک ئێرانی بووە بە ناوی "نسیم نجفی اقدم" تەمەن 39 ساڵ و دانیشتووی شاری سان دیاگۆی کالیفۆرنیا بووە.
دەڵێن ناوبراو پـێیوابووە یوتیوب ناحەقی بەرامبەر کردووە و چاودێری ڤیدیۆکانی کردووە کە سەبارەت بە خۆراکی ڕوەکی و چەند بابەتێکی دیکە بوون.
هێرشەکە بووە جێی ڕەخنەی زۆرێک لە هەوادارانی یوتیوب کە بەشێکیان نامەی هاوسۆزی خۆیان بۆ کۆمپانیای یوتیوب ناردووە. سەندەر پـیچای بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گوگڵ لای خۆیەوە سوپاسی ئەو خەڵکەی کرد و لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" هیچ وشەیەک نیـیە گوزارشت لەو ڕووداوەی ئەمڕۆ بکات."
لە ئێستادا بەشێک لە ڤیدیۆکانی نەسیم نەجەفی لەسەر تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بڵاوبوونەتەوە و لە یەکێکیاندا دەڵێت لە دایکبووی شاری ورمێـیە و هاوسەرگری نەکردووە و هیچ نەخۆشیەکی جەستەیی و دەرونی نیـیە و ماوەیەک لە تورکیا ژیاوە و لەوێ دەسـتیکردووە بە کاری ڤیدیۆیی. پاشان دەڵێت لە جیهاندا ئازادی ڕادەربڕین نیـیە و ئەگەر ئەو ڕاستیانە بڵێیت کە سیستەمەکە لەگەڵیدا نەبێت سەرکوتدەکرێت. دواتر ڕەخنە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی دەگرێت و دەڵێت هیچ بوارێکی یەکسان نیـیە بۆ پـێشکەوتن لەسەر یوتیوب یان هەر شوێنێکی دیکە کە بتوانیت ڤیدیۆکانتی لێبڵاوبکەیتەوە.
بەڵام بەپـێی چاودێران دەڵێن ڤیدیۆکانی نەسیم لەو ئاستەدا نەبوون کە بینەری زۆریان هەبێت، بۆیە نەیتوانیوە بگاتە ئەو ئاستەی کە بەپـێی ڕێنمایـیە نوێـیەکانی یوتیوب پارە وەربگرێت. یوتیوب لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری داوە تەنیا پارە بدات بەوانەی ڤیدیۆکانیان لە ماوەی 12 مانگدا بەلایەنی کەم 4 هەزار کاژمێر بینەریان دەبێت یانیش یەک هەزار کەس داوای بینینی ڤیدیۆکانیان کردبێت کە لە سیستمەی یوتیوب بە subscriber ناودێردەکرێن.