Accessibility links

ڕۆژی کار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا


بۆنەی ڕۆژی کار Labor Day پشوویەکی نیشتمانیە و دورستبووە بۆ ڕێزگرتن لە کرێکارانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڕۆڵیان لە ئابوری وڵاتدا.

زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان ئاهەنگی ئەم ڕۆژە دەگێڕن وەک کۆتایی هاتنی وەرزی هاوین و سەریان سوڕدەمێنێت کە بزانن ڕەگ و ڕیشەی بۆنەکە پەیوەستە بە بزوتنەوەی کار لە کۆتایی ساڵانی 1800 کاندا.

ئایا ئەم پشووە چۆن دەستیپێکرد؟

لە ساڵانی 1800 کاندا، شۆڕشی پیشەسازی لە ترۆپکیدا بوو ، زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان 12 کاتژمێر ڕۆژانە و بە درێژای حەوت ڕۆژی هەفتەکە کاریان دەکرد، لە بارۆدۆخێکی دژواری کار و بە کرێیەکی کەمی ڕۆژانە . تەنانەت منداڵانیش لە کارخانەکاندا کاریان دەکرد. خاوەن کارەکان مۆڵەتی نەخۆشیان بۆ کرێکارەکان دابین نەدەکرد هەروەها کرێی ڕۆژانی پشوویان پێنەدەدرا یان خزمەتگوزاری تەندروستیان بۆ دابین نەدەکرا.

کاتێک کرێکاران زیاتر رێکخراو بوون و چوونە نێو رێکخراوی یەکێتی کارەوە و دەستیان بە ناڕەزایی لە دژی بارودۆخی خراپ و ناسەلامەتی کارکردن کرد و هەروەها فشاریان لە خاوەن کارەکان کرد بۆ پێدانی خزمەتگوزاری زیاتر بۆیان. داننان بە مافی کرێکاران بۆ ڕۆژێکی پشوو بە حوکمەتی ویلایەتەکان دەستیپێکرد و یەک لەدوای یەک یاسایەکیان پەسەندکرد بۆ ڕێزلێنان لە کرێکارانی ئاسایی. کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا 28 ی مانگی حوزەیرانی ساڵی 1894 ی بە پشووی فیدرالی دیاری کرد و یەکەم دووشەممەی مانگی ئەیلولی بە ڕۆژی کار دیاریکرد.

ئایا جیاوازی لە نێوان بۆنەی ڕۆژی یەکی ئەیلول و یەکی ئایار چییە؟

ڕۆژی کار و ڕۆژی جیهانی کرێکاران بۆ ڕێز گرتنە لە کرێکاران. رۆژی یەکی ئایار کە لە بەشی زۆری وڵاتانی پیشەسازی لە جیهاندا یاددەکرێتەوە، سەرچاوەی لە ڕووداوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە گرتبوو.

لە ئایاری ساڵی 1886 دا ، خۆپیشاندانێکی کرێکاران لە گۆڕەپانی "هەیمارکت" لە شیکاگۆ سازکرا و فشاریان بۆ 8 کاتژمێر کارکردن دەکرد لە بری 12 کاتژمێر . بۆمبێک لە میانەی خۆپیشاندانەکەدا تەقیەوە و 7 پۆلیسی کوشت و هەروەها 4 کەسی سیڤیلیش . رووداوەکە بووە مەسەلەیەکی نێونەتەوەیی و ئەو ڕۆژە بووە بۆنەیەکی ساڵانە بۆ ناڕەزایی کرێکاران لە سەرانسەری جیهان.

ئایا بۆچی ئەمریکاییەکان بۆنەی یەکی ئایار ناگێڕن؟

دوای ڕووداوەکەی هەیمارکت لە شێکاگۆ ، بزوتنەوەیەکی بەهیزی دژ بە یەکێتی کار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرپابوو . بە تێپەڕبوونی چەندان ساڵ یەکی ئایار زیاتر پەیوەست بوو بە سیاسەتی چەپڕەوی، هاوکات ڕۆژی کار لە مانگی ئەیلولدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لایەن ژمارەیەکی ڕوو لە هەڵچووی شارەوانیەکان و ستانەکانەوە رێکدەخرا.

کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە رشدی دەستیکرد بە تاوتوێکردنی خوڵقاندنی ڕۆژێکی نیشتمانی پشوو بۆ کریکاران ، سەرۆکی ئەو کاتە

" گرۆڤەر کڵیڤلیند" نەیویست یەکی ئایار هەڵبژێرێت چونکە ئەو ڕۆژە پەیوەست بوو بە تەقینەوەکەی "هەیمارکت"ی میانەی ناڕەزایی کرێکاران لە شیکاگۆ ، جا لەبری ئەو ڕۆژە ، رۆژێکی تری لە مانگی ئەیلولدا بۆ ئەو بۆنەیە هەڵبژارد.

ئایا سەرجەمکارمەند و کریکارانی ئەمەریکایی پارەی ئەو رۆژە پشووەیان پێدەدرێت؟

کارمەندانی فیدرالی کرێی ئەمڕۆژی پشووە وەردەگرن، هەروەها لە زۆربەی دامەزراوەکانیش بە هەمان شێوەیە. لەم پشووەدا کارمەندان و کرێکارانی هاتوچۆ و ڕێستورانت و زۆربەی شوێنەکانی کارداری و پیشەسازیـیەکان لە سەرانسەری ئەمەریکا کاردەکەن و هەندێکیان کاتژمێری زیاتر لە ڕۆژانی ئاساییان کاردەکەن، بەڵام موچەی دوو هێندەی ڕۆژانی ئاسایـیان دەدەنێ.

بزوتنەوە کرێکاریـیەکان کە لە ساڵانی 1800 کاندا دەستیانپـێکرد، بوونە مایەی گۆڕانکاری گەورە لە دۆخ و ژیان و گوزەرانی کرێکارە ئەمەریکایـیەکان. لە ئێستادا کاری ئاسایی ڕۆژانە 8 کاتژمێرە لە پـێنج ڕۆژی هەفتەدا و ئەگەر لە هەفتەیەکدا لە 40 کاتژمێر زیاتر کاربکەن ئەوا پارەی زیاتر وەردەگرن و ئەگەر لە ڕۆژانی پشوو کاربکەن دوو هێندە وەردەگرن.

جگە لەوانە زیاتر گرنگی بە ژیان و سەلامەتی کرێکاران دەدرێت لە کاتی کارکردندا و بیمەی تەندروستی بۆ دابیندەکرێت.

XS
SM
MD
LG