بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا خێراتر لە جۆری دێڵتا بڵادەبێتەوە و ئەو کەسانەش توش دەکات کە پێشتر ڤاکسینیان وەرگرتووە یاخود دوای توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.
بەڕێوبەری زانایانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سۆمیا سوامینەیثن وتی " ژیرانە نابێت " ئەگەر بەپێی بەڵگە سەرەتاییەکان بڕیار بدەین لەسەر ئەوەی مەترسی ئۆمیکرۆن لە مەترسیی جۆرەکانی پێشووتری ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمترە.
سۆمیا بە ڕۆژنامەنووسانی جنێڤی وت " لەگەڵ ئەوەدا کە ژمارەی توشبووان لە زیادبووندایە، سەرجەم سیستمە تەندروستیەکان لەژێر قورساییدا دەبن."
بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئادهانۆم گیبریسیوس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێستا بەڵگەی بەردەوام هەن لەسەر ئەوەی ئۆمیکرۆن زۆر خێراتر لە جۆری دێڵتا بڵاودەبێتەوە."
وتیشی " ئەوانەشی ڤاکسینیان وەرگرتووە یاخود دوای توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، توشی دەبن."
تێدرۆس ئاماژەشی بەوەدا بۆنەکانی پشووەکان لە زۆر شوێن لەوانەیە ببنە هۆی " زیادکردنی حاڵەتەکانی توشبوون و دروستکردنی قورسایی لەسەر سیستمەکانی تەندروستی و زیادبوونی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدا." هەروەها داوای لە خەڵک کرد گردبوونەوەکانیان دوابخەن.
وتی " بۆنەیەک هەڵبوەشێتەوە لەوە باشترە ژیان لەدەست بدەیت."
شارەزایەکی باڵای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی مایک ڕایان وتی " هیوادارین شتێک بکەین ئەم نەخۆشیە بگۆڕین بۆ نەخۆشیەک کە چارەسەرکردنی ئاسان بێت و خۆپاراستنیش لێی ئاسان بێت."
وتی " ئەگەر گواستنەوەی ڤایرۆسەکە کەم بکەینەوە، ئەوا دەتوانین کۆتایی بە پەتاکە بهێنین."
بەڵام تێدرۆس ئاماژەی بەوەدا چین کە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە بوو، دەبێت ڕوون و ئاشکرا بێت لەو زانیاری و داتایانەدا کە پەیوەستن بە سەرچاوەی دروستبوونی ڤایرۆسەکەوە، تاوەکو یارمەتیدەر بێت لە کۆتای هێنان بە پەتاکە.
وتی " دەبێت بەردەوام بین تاوەکو سەرچاوەی دروستبوونی ڤایرۆسەکەمان بۆ دەردەکەوێت، دەبێت هەوڵی زیاتر بدەین چونکە دەبێت لەوەی کە ئەمجارە ڕوویدا فێربین تاوەکو لە داهاتوودا باشتر بین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز