Accessibility links

سەرۆک ترامپ جۆن کێڵی بۆ پـۆستی گەورە فەرمانبەری کۆشکی سپی دەستنیشانکرد

  • VOA News

جۆن کێڵی

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند جۆن کێڵی وەزیری ئاسایشی ناوخۆی بۆ گرتنە دەستی پـۆستی گەورە فەرمانبەری کۆشکی سـپی دەسـتنیشانکرد، ئەمەش تاوەکو شوێنی ڕاینس پـریبەس بگرێتەوە.

سەرۆک ترامپ پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە چەند نووسینێـکیدا لەسەر تویتەرەکەی باسی لەم بڕیارەی کرد.

گوتی" بە خۆشحاڵیـیەوە دەمەوێت ئاگادارتان بکەمەوە وەزیر جۆن ئێف کێڵی‌م بۆ پـۆستی گەورە فەرمانبەری کۆشکی سپی دەسـتنیشان کرد. ئەمەریکایـیەکی مەزنە...."

"و ڕێبەرێکی مەزنە. جۆن هەروەها کارێکی سەرسوڕمێنەری لە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ ئەنجامداوە. ئەستێرەیەکی ڕاستەقینە بوو لە بەڕێوەبەرایەتیـیەکەمدا."

"دەمەوێت سوپاسی ڕاینس پـریبەس بکەم بۆ ئەو خزمەتەی کردوویەتی و ئەو دڵسۆزیەی هەیەتی بۆ وڵاتەکەی. پـێکەوە زۆر شتمان بەدی هێنا و من شانازی پـێوەدەکەم."

ئەم گۆڕانکاریەی ناو کۆشکی سپی پاش ئەوە دێت کە ئەنتۆنی سکراموچی بەڕێوەبەری نوێی پەیوەندیـیەکانی کۆشکی سپی ڕەخنەی زۆر توندی لە ڕاینس پـریبەس گرت و گوتی پـریبەس یەکێـکە لەوانەی زانیاریـیە نهێنیـیەکانی ناو کۆشکی سپی دەباتە دەرێ.

ڕاینس پـریبەس
ڕاینس پـریبەس

پـێشتر سەرۆک ترامپ گوتی ئاشکراکردنی زانیاریـیەکانی ناو کۆشکی سپی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکە هەیە و دەبێت بوەستێت.

جێی ئاماژەیە پـۆستی گەورە فەرمانبەری کۆشکی سپی کە وەکو پـۆستی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی وایە لە زۆر وڵاتدا، بەرزترین پـۆستە لە ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

هەروەها بە یەکێـک لە یاریدەدەرەکانی سەرۆک دادەنرێت و تەنانەت جار هەیە بە کەسی پلە دوو لە کۆشکی سپی ناودێردەکرێت، بەو پـێیەی زۆر کاری لە ژێر دەسـتدایە، لەوانە سەرۆک بۆ پرسە ناوخۆیی و دەرەکیـیەکان ڕاوێژی پـێدەکات، دەسەڵاتی لە دامەزراندنی فەرمانبەرە سەرەکیـیەکانی کۆشکی سپی هەیە و سەرپەرشتیان دەکات. خشتەی کار و چاوپـێکەوتنەکانی سەرۆک لە کۆشکی سپی ڕێکدەخات. زانیاریـیەکانی بۆ کۆشکی سپی ڕەوانەدەکرێن بەدەست ئەو دەگەن. بازنەی پەیوەندیـیە لە نێوان کۆنگرێس و دەسەڵاتی جێبەجێکاردا.

جۆن کێڵی تەمەن 67 ساڵ ئەفسەری هێزی مارینز بووە و هەتا پلەی جەنەڕاڵ گەیشتووە و پاشان لە ساڵی 2016 خانەنشین بووە و لەگەڵ دەستبەکاربوونی دانوڵد ترامپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا، ئەم پـۆستی وەزیری ئاسایشی ناوخۆی گرتەدەست.

شایەنی باسە خاوەنی دوو بڕوانامەی ماستەرە و بەشداری شەڕی کەنداو و گەردەلولی بیابانی کردووە, لە ڕووی سیاسیـیەوە ئەندامی پارتی کۆماری نیـیە و کەسێکی سەربەخۆیە.

XS
SM
MD
LG