پێداچوونەوەیەکی کۆشکی سپی پێشنیار دەکات توانای ئێف بی ئای بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نا نەتەوەیی بەپێی یاسایەکی چاودێری مشتومڕلەسەر لاببرێت، ئەوەش وەکو بەشێک لە چاکسازییەکان بە ئامانجی دووبارە مۆڵەتدانەوە بە یاساکە.
بەندی 702 ی یاسای چاودێری هەواڵگری بیانی ڕێگە بە حکومەتی ئەمەریکا دەدات پەیوەندییە دیجیتاڵییەکانی ئەو بیانیانە کۆبکاتەوە کە لە دەرەوەی ئەمەریکادان.
ئەگەر ماوەکەی درێژ نەکرێتەوە ئەوا یاساکە لە کۆتایی ئەمساڵدا بەسەردەچێت، بەشێک لە یاسادانەرانی دیموکرات و کۆمارییەکان داوای چاکسازیی گەورە دەکەن، بەهۆی نیگەرانییەکانییانەوە سەبارەت بەوەی کە بەندی 702 دژی ئەمەریکاییەکان بەکارهێندراوە.
لە کۆتایی پێداچوونەوەکەدا کە لەلایەن دەستەی ڕاوێژکارانی هەواڵگری سەرۆکەوە بۆ کۆشکی سپی ئەنجامدرا، " ئەگەر کۆنگرێس نەتوانێت دەسەڵاتی بەندی 702 بداتەوە، ڕەنگە مێژوو هەڵەی دەسەڵاتەکانی بەشی 702 وەک یەکێک لە خراپترین شکستەکانی هەواڵگریی سەردەمی ئێمە بنوسێتەوە. "
لە ڕاپۆرتە 42 لاپەڕەییەکەدا هاتووە دەڵێت گۆڕانکارییەکان پێویستن، بەشێکیشی بەهۆی ئەوەوە کە لە وردبینییەکی وەزارەتی داددا لە ساڵی 2021 لەسەر بەکارهێنانی بەشی 702 لەلایەن ئێف بی ئایەوە دەرکەوتووە کە هەندێک " لە لێکۆڵینەوەکان ئەو کەسانەیان گرتۆتەوە کە لە کاتی پێشێلکردنی کاپیتوڵ لە 6 ی مانگی یەکدا دەستگیرکراون. " - ڕاپەڕینی ساڵی 2021 ی لایەنگرانی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ.
پێداچوونەوەکە پێشنیاری کردووە کە وەزیری دادی ئەمەریکا مێریک گارلاند " دەسەڵاتی ئێف بی ئای بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر بەڵگەی تاوانێکی ناپەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە لە داتاکانی بەندی 702 لاببات ."
لە پێداچوونەوەکەدا هاتووە دەڵێت "بەکارهێنانی بەندی 702 لەلایەن ئێف بی ئایەوە پێویستە تەنها بۆ مەبەستی هەواڵگری بیانی بێت و کارمەندانی ئێف بی ئای پێویستە مەشقی زیاتر وەربگرن لەسەر ئەوەی هەواڵگری بیانی چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت".
لە پێداچوونەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە کاتێکدا هیچ حاڵەتێک نەبووە کە تێیدا ئێف بی ئای بەندی 702 ی خراپ بەکارهێنابێت، " بەڵام هەڵسوکەوتی ئێف بی ئای متمانەی گشتی بە توانای بەکارهێنانی بەندی 702 بەو شێوەیەی کە مەبەست بووە، تێکداوە".
دوای بڵاوکردنەوەی پێداچوونەوەکەی کۆشکی سپی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان و جۆن فینەری جێگری بەیاننامەیەکییان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوەدا دووبارە مۆڵەتدان بە بەندی 702 بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی دەرەوەی وڵات پێویستە.
سەرچاوە / ڕۆیتەرز