Accessibility links

جەزائیر داوای دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان بەرەی پۆلیساریۆ و مەغریب دەکات


وەزیری دەرەوەی جەزائیر سەبری بوقدوم داوای " دانوستانی ڕاستەوخۆ و جددی " کرد لە نێوان بەرەی پۆلیساریۆ و مەغریبدا تاوەکو ناکۆکییەکانیان لەسەر بیابانی ڕۆژئاوا یەکلایی بکەنەوە.

بوقدوم لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی " دەستنیشانکردنی نوێنەری نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان بەس نیە، دەبێت ئاڕاستەیەک هەبێت، بەردەوام دەبین لە وتنی ئەوەی پێویستە دانوستانێکی ڕاستەوخۆ و جددی لە نێوان لایەنەکانی ململانێکەدا ئەنجام بدرێت."

چەند دەیەیەکە ناکۆکی هەیە لەسەر پێگەی بیابانی ڕۆژئاوا لە نێوان مەغریب و بەرەی پۆلیساریۆدا کە لەلایەن جەزائیری دراوسێی مەغریبەوە پشتیوانی لێدەکرێت، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان ناوچەکەی وەکو " ئەو هەرێمانە ناساندووە کە مافی حوکمی خۆجێییان نیە."

بەرەی پۆلیساریۆ داوای ئەنجامدانی گشتپرسییەک دەکات لەسەر ئەو ڕاپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکیدەخات، هاوکات مەغریب پێشنیاری پێدانی حوکمێکی خۆجێی دەکات بە ناوچەکە بەڵام لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا.

مەغریب لە سەدا 80 ی ناوچە بیابانیە بەرفراوانەکەی لەژێر دەستدایە و چەند دەیەیەکە پڕۆژەکانی گەشەپێدانی تیادا جێبەجێ دەکرێت.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پێش تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی، دانی بە سەروەری مەغریبدا نا بەسەر سەرجەم بیابانی ڕۆژئاوادا.

بەرەی پۆلیساریۆ هیوایەکی بە بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکەی ئەمەریکا هەیە تاوەکو پاشگەز بێتەوە لەو بڕیارەی سەرۆکایەتی پێشووی ئەمەریکا داویەتی.

لە ناوەڕاستی مانگی سێدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن داوای لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش کرد پەلە بکات لە دەستنیشانکردنی نوێنەری نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بیابانی ڕۆژئاوا، دوایین نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بیابانی ڕۆژئاوا هۆرست کۆڵەر بوو کە لە مانگی پێنجی ساڵی 2019 دا دەستی لەکارەکەی کێشایەوە.

لە 21 ی مانگی چواریشدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە ململانێکانی بیابانی ڕۆژئاوا ساز دەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG