سه‌رۆک ئۆباما وتاری ڕادیۆیی هه‌فتانه‌ی خۆی ته‌رخان کرد بۆ نۆیه‌مین سـاڵیادی هێرشه تێرۆرکاریـیه‌کانی 11 ی سـێپـته‌مبه‌ر که کرانه سه‌ر وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا.
له‌و هێرشـانه‌دا نزیکه‌ی 3 هه‌زار که‌س کوژران و وه‌ک سه‌رۆک ئۆباما له وتاره‌که‌یدا ئاماژه‌ی پـێـکرد، خوێناوی‌ترین هێرش بووه له مێژووی ئه‌مه‌ریکادا که له ناو خاکی ئه‌مه‌ریکادا کرابێت.
تێرۆریسـتانی ئه‌لقاعیده پاش ڕفاندنی 4 فڕۆکه له سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی 11 ی سـێپـته‌مبه‌ری 2001 دا، دووان له فڕۆکه‌کانیان به‌کارهێنا بۆ هێرشـکردنه سه‌ر هه‌ردوو باڵه‌خانه‌که‌ی نێوه‌ندی بازرگانی جیهانی له نیویۆرک و فڕۆکه‌یه‌کیشـیان بۆ هێرشـکردنه سه‌ر په‌نتاگۆن و فڕۆکه‌ی چواره‌میش له سـتانی په‌نسـلڤانیا که‌وته خواره‌وه.
سه‌رۆک ئۆباما له وتاری ڕادیۆیی هه‌فتانه‌یدا ده‌ڵێت هه‌رگیز ئه‌و توڕه‌یی و خه‌مه‌ی هه‌مانبووه و هه‌ستمان پـێـکردووه له بیر ناکه‌ین، وا 9 سـاڵ به‌سه‌ر ئه‌و به‌یانیـیه‌ی مانگی نۆدا ڕه‌تده‌بێت، به‌ڵام هه‌رگیز کات نابێته هۆکارێـک بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و ئازارانه‌ی له ئاکامی ئه‌و هێرشـانه‌ی کرانه سه‌ر ئه‌مه‌ریکا هاتنه ئارا.
سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت هه‌ر له‌م ڕۆژه‌دا به ڕێز و نه‌وازشه‌وه ده‌ڕوانینه هه‌موو ئه‌وانه‌ی له پـێناو ژیانی خه‌ڵـکی تردا گیانیان له‌ده‌سـتدا، ئاگرکوژێنه‌وه‌کان، ئه‌و ده‌سـته و تاقمانه‌ی یه‌که‌م جار به‌سه‌ر پـێپلیکه‌کانی هه‌ردوو باڵه‌خانه‌که ئاگرگرتووه‌که‌ی نێوه‌ندی بازرگانی جیهانیدا سه‌رکه‌وتن، سه‌رنشینه‌کانی ئه‌و فڕۆکه‌یه‌ی له ئاسـمانی سـتانی په‌نسلڤانیادا به گژ ڕفێنه‌ره‌کاندا چوونه‌وه و هه‌روه‌ها ئه‌و ژن و پـیاوانه‌ی له‌م چه‌ندان سـاڵه‌ی پاش 11 ی سـێپته‌مبه‌ره‌وه له له‌شـکردا بوون و ژیانی خۆیان به‌ختکرد تا منداڵه‌کانمان بتوانن له جیهانێـکی بێ وه‌یدا گه‌وره بن.
له میانه‌ی ئه‌م وتاره هه‌فتانه‌یه‌یدا سه‌رۆک ئۆباما ئاماژه به‌وه‌ش کرد هاوکاتی یادکردنه‌وه‌ی 11 ی سێپته‌مبه‌ر نابێت هاوهه‌ڵوێسـتی و ڕێبازی هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریکا له بیر بکرێت له چۆنێتی وه‌ڵامدانه‌وه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌دترین جۆری ڕه‌فتاری نامرۆڤانه‌دا.
سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت هه‌موو سـاڵێـک و له‌م کاته‌دا سووربوونی خۆمان نوێ ده‌که‌ینه‌وه دژی ئه‌وانه‌ی ئه‌و کاره تێرۆریسـتیـیه دڕندانه‌یه‌یان کردبوو، هه‌روه‌ها دژی ئه‌وانه‌ش که به‌رده‌وام پـیلانی دژی ئه‌مه‌ریکا و گه‌لی ئه‌مه‌ریکا ده‌گێڕن و هه‌رگیزاوهه‌رگیز دوودڵ نابین له پارستن و به‌رگریکردن له وڵاته‌که‌مان.
سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت 11 ی سێپته‌مبه‌ر وانه‌یه‌کی گرنگه بۆ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌مه‌ریکایـیه‌کانیش.
سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر وانه‌یه‌ک له‌م سـاڵیاده‌ی هێرشه تێرۆرکاریـیه‌کانی 11 ی سـێپته‌مبه‌ردا هه‌بێت، ئه‌وه‌یه که ئێمه یه‌ک وڵاتین، یه‌ک گه‌لین و هه‌ر ته‌نها خه‌مه‌کانی 11 ی سـێپته‌مبه‌ر پـێـکیـه‌وه نه‌به‌سـتووینه‌ته‌وه، به‌ڵـکو ژماره‌یه‌ک ئامانجی هاوبه‌ش هه‌موومانی پـێـکه‌وه به‌سـتۆته‌وه و به پاڵپـشتی کۆمه‌ڵـگاکه‌مان و خزمه‌تکردنی گه‌ڵی ئه‌مه‌ریکا له ڕوانگه‌ی پـێداویسـتیـیه‌کانیـیه‌وه، جه‌ختکردنه‌وه‌یه له ئامانجه‌کانمان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت زیانی گه‌وره له ئه‌مه‌ریکا بده‌ن.
سیناتۆر جۆن کایڵ وتاری هه‌فتانه‌ی کۆماریـیه‌کانی پـێشـکه‌ش کرد و تیایدا گه‌ڕایه‌وه بۆ ڕۆژانی پاش هێرشه تێرۆرکاریـیه‌کانی 11 ی سـێپته‌مبه‌ر.
سیناتۆر جۆن کایڵی کۆماری ده‌ڵێت له‌و هاوهه‌ڵوێسـتیـیه‌ی ده‌ستبه‌جێ پاش 11 ی سـێپته‌مبه‌ر هاته ئارا، ژماره‌یه‌ک بڕیار دران، کونگرێس و وڵاتیش کردیانه بڕیار که چیدی نابێت ئه‌فغانسـتان جێی داڵده‌دانی ئه‌لقاعیده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه کۆنگرێس ده‌سه‌ڵاتی به‌کارهێنانی هێزی دا و هه‌روه‌هاش یاسای پاتریۆت ئاکتی په‌سه‌ندکرد که ده‌رفه‌تی ڕه‌خسـاند تا ده‌زگا موخابه‌راتیـیه‌کان و ده‌زگاکانی جێبه‌جێکردنی یاسا پـێـکه‌وه کاربکه‌ن.
سیناتۆر جۆن کایڵ ده‌ڵێت له‌شکری ئه‌مه‌ریکا له ئه‌فغانسـتاندا تاڵیبانه‌کان و ئه‌لقاعیده‌ی ڕاو نا و هه‌روه‌ها پاش که‌وتنی سه‌دام حسێن زیادکردنی هێزه سه‌ربازیـیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له عێراقدا یارمه‌تیده‌ر بوو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڵکشـانی ئه‌لقاعیده له عێراق، وه ده‌شڵێت ڕێبه‌ره سه‌ره‌کیـیه‌کانی ئه‌لقاعیده ده‌ستگیرکران و زانیاری به‌سودیان داوه که به‌هۆیه‌وه ڕێ له هێرشی زیاتری تێرورکاران گیراوه.
سیناتۆر جۆن کایڵ ده‌ڵێت ئه‌و بڕیارانه ئه‌مه‌ریکا و گه‌ڵی ئه‌مه‌ریکاشی خسـته بارێـکی پارێزراوتره‌وه له هه‌وڵه‌کانی ئه‌وانه‌ی به دوژمنانی ئه‌مه‌ریکا ناودێری کردن.
سیناتۆر جۆن کایڵ ده‌ڵێت دوژمن ئایدیۆلۆژیـیه‌تی توندڕه‌وی ئیسلامیـیه که به ئاشـکرایی و بێ چه‌ند و چوون و به‌بێ هیچ له‌به‌ر دانه‌واندنێـک هه‌وڵی له‌ناوبردنی ئازادیـیه‌کانی فه‌رهه‌نگی ڕۆژئاوایی و حکومه‌ته‌کانی ڕۆژئاوا ده‌دات و ده‌یانه‌وێت له‌بری ئه‌و فه‌رهه‌نگه ژیانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست له ڕوانگه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامیـیه‌وه پـێـکبهێنن و شه‌ریعه‌ت به‌ڕێوه‌ی بـبات.
له میانه‌ی وتارکه‌یدا سیناتۆر جۆن کایڵ ئاماژه به‌وه‌ش کرد که ئایدیۆلۆژیای توندڕه‌وی ئیسلامی هاوشێوه‌ی کۆمۆنیزم له‌سه‌ر بنچینه‌ی تۆتالیتاریـیه و پـشـت به هێزی وێرانکاری ده‌به‌سـتێت بۆ تۆقاندن، وه ده‌شڵێت پـێویسته ئاینی ئیسلام له‌و توندڕه‌وانه جیابکرێته‌وه.
سیناتۆر جۆن کایڵ ده‌ڵێت نۆیه‌مین سـاڵیادی 11 ی سێپته‌مبه‌ر پـێویسته بمانخاته به‌رده‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌کی قوڵه‌وه سه‌باره‌ت به‌و دوژمنه‌ی هێرشی کرده سه‌ر ئه‌مه‌ریکا و جارێـکی تریش هێرش ده‌کاته‌وه ئه‌گه‌ربێت و له هه‌وڵه‌کانماندا خاو بـبینه‌وه، وه ده‌شڵێت بۆ سبه‌ینێ و ڕۆژانی داهاتووش پـێویسته ئه‌مه‌ریکا هه‌ر یه‌کگرتووبێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و دوژمنه که ئه‌مه‌ش ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دیموکراته‌کان یان کۆماریـیه‌کان نیـیه، به‌ڵـکو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکایی‌یه.
سه‌رۆک ئۆباما له وتاره‌که‌یدا ڕایگه‌یاند ڕۆژی 11 ی سـێپته‌مبه‌ر ڕۆژی نیشـتیمانی یادکردنه‌وه‌یه وه‌ک ڕێزلێنانێـک بۆ ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌سـتدا.