Accessibility links

پـۆلیسێـکی میترۆی واشنتن بە تاوانی یارمەتی دارایی داعش دەسـتگیردەکرێت


وەزارەتی دادی ئەمەریکا دەڵێت پـۆلیسێـکیان دەسـتگیرکردووە کە لە بەشی هاتوچۆی میترۆی واشنتنی پایتەخت کاری کردووە، ئەمەش بە تاوانی یارمەتی دارایی داعش.

دادگای فیدراڵی لە ناوچەی ئەلیگزاندریای ویلایەتی ڤێرجینیای نزیک واشنتنی پایتەخت دوێنێ سێشەممە فەرمانی دەسـتگیرکردنی نیکۆلاس یۆنگی تەمەن 36 سـاڵی دەرکرد کە دانیشتووی ناوچەی فێرفاکسی ویلایەتی ڤێرجینیایە و ئەمڕۆ چوارشەممە لە بارەگای پـۆلیسی واشنتن دەسـتگیرکرا.

ناوبراو لە ساڵی 2003 وە لە بەشی هاتوچۆی پایتەخت کاریکردووە و لە ساڵی 2010 وە لە ژێر چاودێری پـۆلیسدا بووە. ئەمڕۆش هەر لەگەڵ دەسـتگیرکردنی لە کارەکەی دەرکراوە. ئەمە یەکەم جارە پـۆلیسێـک لە ئەمەریکا تاوانباردەکرێت بە پەیوەندیکردن بە داعشەوە.

بەپـێی دۆکۆمێنتەکانی دادگا، نیکۆلاس بە بەهای 245 دۆلار کارتی تەلەفونی کڕیوە و ژمارەکانی داوە بە کارمەندێـکی نهێنی دەزگای FBI کە پـێی وابووە ئەندامێـکی داعشە.

داعش سوود لەو جۆرە ژمارە کارتانە وەردەگرێت بۆ ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفونی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی موبایل یان بەرنامەکانی سەر ئنتەرنێتەوە.

لە دۆکۆمێنتێـکی دیکەدا نووسراوە نیکۆلاس ساڵی 2014 چەند جارێـک چاوی بە کارمەندێـکی نهێنی FBI کەوتووە کە وەها خۆی نیشاندابوو کەسێـکە خوازیارە ببێت بە داعش و نیکۆلاسیش ئامۆژگاری کردووە کە چۆن خۆی بپـارێزێت لەو کاتەی ئەمەریکا جێدەهێڵێت و پەیوەندی بە داعشەوە دەکات.

ساڵی 2011 ڕۆیشتووە بۆ لیبیا بۆ پشتیوانیکردن لەو چەکدارانەی لە دژی موعەمەر قەزافی شەڕیان دەکرد. هەمان ساڵ لەگەڵ کارمەندێـکی نهێنی FBI باسی لە چۆنیەتی بە قاجاغبردنی چەک کردووە بۆ ناو دادگای فیدراڵی لە ئەلیگزاندریا، بۆ ئەو شوێنەی ئەمڕۆ لەوێ برایە بەردەم دادوەر.

XS
SM
MD
LG