ڕۆژی هەینی کرێملن ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵی ڕەت کردەوە کە گوایە هەواڵگری ئەمەریکا باوەڕی وایە گروپی چەکداریی بەکرێگیراوی ڤاگنەری ڕووسیایی پلانی هەبێت بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ حیزبوڵای لوبنان، وتی ئەو جۆرە قسانە بێ بنەمان.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە، کە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاوکراوەتەوە کە گوایە بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا پێیان وایە ڤاگنەر پلانی گواستنەوەی سیستمەکەی هەیە، وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی "خۆت پێشتر ئەوەت وت، ئەو جۆرە گروپە ( ڤاگنەر ) بوونی نیە."
پێسکۆڤ وتی " هەموو ئەو قسانە لە هیچەوە سەرچاوەیان گرتووە و بێ بنەمان."
وتیشی " کەناڵی پەیوەندیی بەپەلە هەن لە نێوان سوپاکانی ڕووسیا و ئەمەریکادا، ئەگەر هەر نیگەرانییەکی جددی هەبێت سەبارەت بە شتێک، ئەوان ' ئەمەریکاییەکان ' دەتوانن بیگەیەنن بە سوپاکەمان."
لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵدا هاتووە دەڵێت ڤاگنەر پلانی هەیە سیستمی بەرگری ئاسمانی پانتسیر – ئێس 1 بدات بە حیزبوڵا، کە موشەکی دژە فڕۆکە و چەکی بەرگری ئاسمانی بەکاردەهێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەکان.
پوتن و کرێملن چەندین جار ئاماژەیان بەوەداوە ڤاگنەر بەپێی یاسا هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە، ڕووسیا لە ناوخۆدا گروپە بەکرێگیراوە سەربازییەکانی قەدەغە کردووە، بەڵام لە کۆتایی مانگی نۆدا پوتن لە کۆبوونەوەیەکدا پیشاندرا لەگەڵ یەکێک لە باڵاترین فەرماندەکانی پێشووی ڤاگنەردا.
بەرپرسێکی ئەمەریکا کە ناوی ئاشکرا نەکراوە و لە ڕاپۆرتەکەدا باسی لێوە کراوە، ئاماژەی بەوە داوە واشنتن تاوەکو ئێستا ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە کە ئایا سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکە ڕەوانە کراوە یاخود نا. بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا چاودێری گفتوگۆکان دەکەن لە نێوان ڤاگنەر و حیزبوڵادا.
ڕۆژنامەکە وتی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکە لە ڕێی سوریاوە دەگەیەندرێتە دەستی حیزبوڵا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
کرێملن ڕەتی دەکاتەوە ڤاگنەر پلانی هەبێت بۆ پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی بە حیزبوڵا