فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا جەنەڕاڵ جۆزیف ڤۆتێڵ کە سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وتی ڕاوێژی لەگەڵدا نەکراوە پێش بڕیارە لە ناکاوەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە مانگی دوانزەدا سەبارەت بە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا.
لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکادا ڤۆتێڵ وتی " ڕاوێژ بە من نەکراوە " لەکاتێکدا کە دانی بەوەدانا سەرۆک ترامپ بە ئاشکرا ئارەزووی خۆی دەربڕیوە بۆ کشانەوەی هێزەکان لە سوریادا.
ڤۆتێڵ وتی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا ڕێکخراوی داعش هەڕەشەیەکی هەمیشەیی دەبێت لە سوریادا، وتیشی ڕێکخراوی داعش هێشتا سەرکردە و چەکدار و نێوەندگیر و شتومەکی هەیە و ئەوانەش تواناکانی بەهێز دەکەن بۆ بەردەوامبوون لە شەڕکردن.
وتیشی " پێویستە لەسەرمان بەردەوام بین لە فشارەکانمان بۆ سەر ئەم تۆڕە. ئەوان لەتوانایاندا هەیە بگەڕێنەوە ئەگەر ئێمە بەردەوام نەبین لە فشارەکانمان."
ئاماژەشی بەوەدا ئەو خاکەی لەژێر دەسەڵاتی داعشدا ماوە کەمتربۆتەوە و ئەو هێزانەشی کە ئەمەریکا پشتیوانیان لێدەکات دەتوانن پێش کشانەوەی ئەمەریکا ئەوەی ماوەتەوە لەژێر دەستی داعشدا دەریبهێنن.
هۆشیاریشیدا لەوەی هەر کشانەوەیەکی بەپەلە لەوانەیە ببێتەهۆی نائارامی لە ناوچەکەدا و بۆشاییەک دروست دەکات کە ئێران و ڕوسیا پڕی دەکەنەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز