Accessibility links

دەنگی ئەمەریکا هیچ سانسۆرێک قبوڵ ناکات


دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە، تیایدا ناڕەزایی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر هەڕەشەی ئەنجومەنی باڵای ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن لە تورکیا (RTÜK) بۆ بلۆککردنی ماڵپەڕی بەشی تورکی دەنگی ئەمەریکا و هەروەها ماڵپەڕی دۆیچە ڤێڵەی ئەڵمانیا لە وڵاتەکەیاندا.

دەقی ڕاگەیاندنەکە:

ئەنجومەنی رێکخەری ڕاگەیاندنەکانی تورکیا (RTUK) ڕۆژی دووشەممە 21 ی مانگی دووی ساڵی 2022 ئاگادارییەکی فەرمیان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ماڵپەڕی بەشی تورکی دەنگی ئەمەریکا لە ماوەی 72 کاتژمێردا بلۆکدەکرێت ئەگەر دەنگی ئەمەریکا دەست نەکات بە پرۆسەی داواکردنی " مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی سەر ئنتەرنێت."

زۆربەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا نیگەرانی زۆریان دەربڕیوە لەوەی ئەم داواکاری مۆڵەتپێدانە بە ئامانجی سانسۆرخستنە سەر ئەو کارە ڕۆژنامەوانیـیانەیە کە بەدڵیان نیـیە.

وەها باوە مۆڵەتپێدان بۆ پەخشەکانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنە، چونکە شەپۆلەکانی پەخشکردن شتێکی گشتیـن و سنووردارن، بۆیە کاری حکومەتە کارکردنی سەر ئەو شەپۆلانە ڕێکبخات لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، بەڵام ئنتەرنێت سنووری نیـیە، بۆیە تاکە ئامانج بۆ مۆڵەتپێدان بە بڵاوکردنەوەی سەر ئنتەرنێت بریتییە لە ڕەخساندنی هەل بۆ سانسۆرکردن.

دەنگی ئەمەریکا (VOA) دەزگایەکی ڕاگەیاندنی خزمەتگوزاری گشتی نێودەوڵەتیـیە وە بە یاسا داوای لێکراوە بە شێوەیەکی "ڕاست و دوروست و بابەتیـیانە و گشتگیرانە" ڕووماڵی هەواڵەکان بکات. بەم پـێیە، پەیماننامەی دەنگی ئەمەریکا ڕێگە لە دەنگی ئەمەریکا دەگرێت بە هیچ شێوەیەک ڕازی بێت یان ڕێگەبدات سانسۆر بخرێتە سەر بابەت و بەرنامەکانی. بابەتەکانمان دەبێت لە هەموو کاتێکدا وابن کە ڕەچاوی بەرزترین ستانداردی کاری ڕۆژنامەوانی بکەن. بۆیە دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت پابەندبێت بەو ڕێنماییانەی لە لەلایەن ڕێکخەرێکەوە دەردەچن بۆ سانسۆر یان لابردنی بابەتەکان، وە نە بە خواستی خۆیشی ڕازی دەبێت خۆی بخاتە ژێر سانسۆرێکی لەو جۆرەوە.

یۆلاندا لۆپز، سەرۆکی دەنگی ئەمەریکا بە وەکالەت، ڕایگەیاند "هەڕەشەی قەدەغەکردنی ماڵپەڕەکانی دەنگی ئەمەریکا و دۆیچە ڤێڵە، یان هەر پەخشێکی میدیایی سەربەخۆ یان گشتی یان پیشەیی دیکە لە تورکیا جێی نیگەرانییە." وتیشی " کاری ڕۆژنامەگەری سەربەخۆی دەنگی ئەمەریکا ناکرێت بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەم و ئەو حکومەت وە سانسۆری بخرێتەسەر یان تەنانەت هەست بکات سانسۆریشی لەسەرە.

بەم پێیە، وە لە نەبوونی ئەلتەرناتیڤێکدا، دەنگی ئەمەریکا پێیوایە ناچارە بەرهەڵستی داوای رێکخەرانی میدیای تورکیا بکات سەبارەت بە وەرگرتنی مۆڵەت.

XS
SM
MD
LG