Accessibility links

سەرۆک ترامپ لە نەخۆشخانەوە کارەکانی ئەنجام دەدات


شەوی هەینی سەرۆک دانۆڵد ترامپ، کە بەهۆی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەیە، لە ژووری نەخۆشخانەکەوە تویتێکی کرد و دەڵێت " پێم وابێت، هەمو شتێک باشە. سوپاسی هەموتان دەکەم. خۆشەویستیم بۆتان!!"

پزیشکی سەرۆک، دکتۆر شان کانڵی، لە بەیاننامەیەکیدا بۆ گوتەبێژی کۆشکی سپی کەیڵی ماکەنێنی شەوی هەینی ڕایگەیاند " بە خۆشحاڵییەوە ڕادەگەیەنم، سەرۆک ڕەشی باشە. ئەو پێویستی بە هیچ جۆرە ئۆکسجینی زیاتر نییە، بەڵام بە تاوتوتێکردن لەگەڵ پسپۆڕان بڕیارمان داوە دەستپێشخەری چارەسەری Ramdesivir ی ئەنجام بدەین. ئەو یەکەم دانەی تەواو کردووەو بە ئاسودەیی پشودەدات.

پاش توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئێوارەی ڕۆژی هەینی سەرۆک دانۆڵد ترامپ وەکو " هەنگاوی پێشوەخت" گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی نیشتمانی لەشکری واڵتەر ڕیید لە مەریلاند و چاوەڕوان دەکرێت ماوەی چەند ڕۆژێک لەوێ بمێنێتەوە.

لە دەمی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە سەرۆک زۆر بە ئاسایی بەرەو نێو هەلی کۆپەتەرەکە ڕۆشت کە لە حەوشەی کۆشکی سپی ڕاوەستابوو، دەستی بەرزکردەوە بۆ پەیامنێرەکان.

کاتێک هەلیکۆپتەرکە لە نەخۆشخانەک نیشتەوە تراپ بە پێی خۆی دابەزی و چووە ناو ئۆتۆمبێلێکەوە تا لە شوێنی وەستانی هەلیکۆپەتەوەکەوە بڕواتە باڵەخانەی نەخۆشخانەکە.

گوتەبێژی کۆشکی کەیڵی ماکەنێنی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە ئاگاهییەکی زۆرەوە و لە ژێر چاودێری پزیشکەکەی و شارەزایانی تەندروستی، سەرۆک بۆ چەند ڕۆژێک لە ئۆفیسی سەرۆکایەتی واڵتەر ڕییدەوە کار دەکات.

بە پێی کاربەدەستانی کۆشکی سپی لە نەخۆشخانە هیچ گواستنەوەیەکی دەسەڵات لە سەرۆکی تەمەن 74 ساڵانەوە بۆ جێگری سەرۆک مایک پێنس ئەنجام نادرێت.

هەر ئێوارەی ڕۆژی هەینی سەرۆک تراپ لە تویتێکدا گرتەیەکی کورتی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە کە تیایدا دەڵێت خەڵکی دڵنیا دەکاتەوە لەوەی ڕەوشی تەندروستی باشە و دەڵێت " دەمەوێت سوپاسی هەموان بکەم بۆ ئەو پشتیوانیکردنە زۆرەیان. من دەڕۆم بۆ نەخۆشخانەی واڵتەر ڕیید، لەو بڕوایەدام من زۆر باشم، بەڵام دەڕۆین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هەمو شتێک باشە. خانمی یەکەم زۆر باشە. جا زۆر سوپاستان دەکەم هەرگیز لە یادی ناکەم ،سوپاس و پێزانیم. "

بە پێی بەیاننامەکەی گوتەبێژی کۆشکی سپی تراممپ " ورەی زۆر بەرزە، زۆر بەسوکی هەندێک نیشانەی کۆرۆنای تیا دەرکەوتووە، و تەوای ڕۆژەکە کاری کردووە."

کەمتر لە 24 کاتژمێر پاش ئەوەی سەرۆک و خانمی یەکەم توشی کۆڤد-19 بوون، چارەسەرییەک درا بە سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی کە هێشتا پەسەند نەکراوە بەڵام بە چارەسەرییەکی باش دادەنرێت.

پزیشکی سەرۆک گوتی " ترامپ یەک تاکە ژەمی هەشت گرامی دژەتەنی Regeneron ی پێدراوە. ئەو گیراوەکەی بەبێ هیچ گرفتێک تەواو کردووە."

بەیاننامەکەی پزیشکی کۆشکی سپی شان کۆنلی، سەبارەت بە تەندروستی سەرۆک ترامپ
بەیاننامەکەی پزیشکی کۆشکی سپی شان کۆنلی، سەبارەت بە تەندروستی سەرۆک ترامپ

کۆمپانیاکە لە هەفتەی ڕابوردوو ڕایگەیاند گیراوەیەکی کە دژەتەنێکی زۆری تێدایە بۆ بەهێزکردنی بەرگری لەش REGN-COV2 ڤایرۆسەکەی لە نێو ئەو کەسانەی کە نەگەیشتوونەتە حاڵەتی ئەوەی لە نەخۆشخانە بمێننەوە بە خێراییتر کەمکردۆتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات ڕەنگە ئەم چارەسەرییە هاوکاربێت بۆ چاکبوونەوەیان.

ئەو پزشکەی کە سەرکردەیەکی هێزی دەریایی ئەمەریکایە گوتیشی لە ئێوارەی ڕۆژی هەینییەوە " سەرۆک ماندووە بەڵام ڕەوشی باشە و ورەی بەرزە."

ڕاپۆرتە هەواڵییەکان لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەڵێن سەرۆک ترامپ هەندێک تاولەرزو سەرئێشەی هەبووە.

شان کانڵی لە بەیاننامەیەکدا دەشڵێت خانمی یەکەم " ڕەوشی تەندروستی زۆر باشە تەنها کۆکەیەکی کەمی کەم و سەرئێشەی هەیە، و ئەندامانی تری خێزانی سەرۆک هەمویان باشن و لە ئەنجامی پشکنینەکانیان دەرکەوتووە کۆرۆنایان نییە".

ڕاوێژکاری ئاسایشی سەرۆک ترامپ لێری کودلاو لە دەمی لێدوانێکیدا بۆ گروپێک لە پەیامنێرانی کۆشکی سپی گوتی " سەرۆک کۆرۆناکەی زۆر بە سوکی گرتووە و زۆر زوو تەندروست دەبێتەوە."

ئەم نەخۆشییەی سەۆرک تەنها مانگێک بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی 11 یە. بەرهەڵستە دیموکراتەکەی جۆو بایدن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند " هیوای چاکبوونەوەو سەلامەتی بۆ سەرۆک و خانمی یەکەم دەخوازێت."

بایدن گوتیشی توشبوونی سەرۆک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا " وەبیرهێنانەوەی ئەوەیە کە پێویستە هەمومان ئەم ڤایرۆسە بە ڕژد وەربگرین."

ترامپ و بایدن ڕۆژی سێشەممە لە دەمی یەکەم دیبەیتیاندا لە کلیڤلاندی ئۆهایۆ تەنها چوار مەتر لەیەکەوە دووربوون. هەڵمەتەکەی بایدن ڕایگەیاند جێگری پێشوی سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی تاقیکردنەوەکەی کۆرۆنای نێگیڤ بووە.

جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی
جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی

لە میانەی قسەکانیدا لە مشیگەن ڕۆژی هەینی بایدن کە دەمامکی پێچابوو، جارێکی تر دوای کردووە دەمامک بکرێت لە سەرانسەری وڵاتدا بکرێت بە زۆرەملێ و گوتیشی دەشێ سەدان کەس لەماوەی سەد ڕۆژدا بپارێزێت.

بە پێی ئامارەکانی زانکۆی جۆنس هۆپکنس ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە 208 هەزار کەسی لە ئەمەریکا کوشتووە و زیاتر لە 7 ملیۆن و 300 هەزار کەسیش لە سەرانسەری وڵاتەکە توشی ڤایرۆسەکە بوون.

هەڵمەتەکانی ترامپ ڕۆژی هەینی هەمو بۆنەکانی کە پێشتر ڕایگەیاندبوو سەۆرک تیایدا بەشدار بێت ڕاگرتووە.

بەڕێوەبەری هەڵمەتەکانی بیڵ ستیپن لە بەیانانمەیەکدا گوتی " بڕیارە مایک پێنس کە ئەنجامی تاقیکردنەوەی کۆرۆناکەی نێگتیڤ بووە دەستبکاتەوە بە ڕێوڕەسمەکانی هەڵمەتەکەی هەروەکو چۆن بەرنامەی بۆ دارێژرابوو."

XS
SM
MD
LG