ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تورکیای شەرمەزارکرد بۆ تاقیکردنەوەی سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتووی ڕوسیا لە ڕۆژی هەینی و پشتگوێخستنی هۆشدارییەکانی ئەمەریکا.
کەناڵی تەلەفیزیۆنی هەبەر کە نزیکە لە حکومەتی تورکیاوە، ڕایگەیاند لەشکری تورکیا تاقیکردنەوەی سیستمی بەرگری موشەکی S-400ی لە پارێزگای سنۆپی باکوری وڵاتەکە نزیک دەریای ڕەش ئەنجام داوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند هەڵدانی ئەو موشەکە لەگەڵ " بەرپرسیارێتییەکانی تورکیا وەکو ئەندامێکی هاوپەیمانی ناتۆ و هاوبەشێکی ستراتیژی ئەمەریکا ناگونجێت."
گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت " ئێمە بە ڕوونی وتومانە: بەکارهێنانی سیستمی S-400 لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکانی تورکیا وەکو هاوپەیمانێکی ئەمەریکا و ناتۆ ناگونجێت. ئێمە دژی کڕینی ئەو سیستمەین لەلایەن تورکیاوە و نیگەرانییەکی قوڵمان هەیە لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەی کە دەڵێن تورکیا دەیخاتە کار."
بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی سینات، جیم ڕشی کۆماری ئەو تاقیکردنەوەیەی بە " ڕەفتارێکی مایەی قبوڵنەکردنی" هاوپەیمانێکی ناتۆ لەقەڵەمدا.
ڕش لە بەیاننامەیەکدا گوتی ئەو هەنگاوە زیان بە ناتۆ دەگەیەنێت و مەترسییەکی ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر فڕۆکەی جەنگی F-35 ی ئەمەریکا و سیستمی بەرگری ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ناتۆ.
هەروەها دەشڵێت " بە پێی یاسای ئەمەریکا دەبێت سزا بخرێتە سەر ئەو وڵاتانەی پەیوەندییە بەرگرییەکانیان بەردەوام لەگەڵ ڕوسیا پتەو دەکەن، و پێویستە بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەیەکی توند بگەیەنێت کە پێویستە تورکیا دەستبەرداری S-400 ی بێت."
سیناتۆر باب منێندێز دیموکراتێکی باڵای هەمان کۆمیتەی سینات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " پێویستە دەستبەجێ سزای تورکیا بدرێت بۆ کڕین و بەکارهێننای ئەو سیستمە."
هەروەها ڕەخنەشی لە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ گرت و گوتی " سەرنەکەوتنی سەرۆک ترامپ بۆ جێبەجێکردنی یاسا و هاوسۆزی بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەیەکی گەوەرە بۆ ئاسایشی نیشتمانیمان و هاوپەیمانی ناتۆ و هاوبەشانمان لە ئەوروپا دروست دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەو تاقیکردنەوەیەی نە پشتڕاست کردۆتەوە و نە نکوڵیشی لێ دەکات.
تورکیا لە ساڵی 2017 ڕێککەوتنێکی بۆ کڕینی سیستمی S-400 لەگەڵ ڕوسیا مۆر کرد کە یەکەم بەشی ئەو ڕێککەوتنە بە بڕی 2.5 ملیار دۆلار بوو و لە مانگی 7 ی ساڵی ڕابوردوو گەیشت.