دەنگی ئەمەریکا لە ساڵی 1942 لە لایەن دەوڵەتی ئەمەریکاوە دامەزرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پـرۆپاگەندەی نازیـیەکان لەو سەردەمە کە شەڕی دووەمی جیهانی بوو. پاشان لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی سارد و پـێشهاتەکانی دیکەی جیهان پەرە بە دەنگی ئەمەریکا درا. لە ئێستادا بە زیاتر لە 40 زمان بەرنامەکانی پـێشکەش دەکات، لەوانە زمانی کوردی.
مەزەندە دەکرێت 236.6 ملیۆن کەس لە جیهان بواری ئەوەیان هەبێت گوێبیستی بەرنامەکانی ڕادیۆی ببن یان بتوانن بەرنامەکانی تەلەفیزیۆنی ببینن، ئەمە جگە لەوەی بە دەیان زمان و زاراوە ماڵپەڕی هەیە و دەتوانرێت لە هەر شوێنێـکی ئەم جیهانە سەردان بکرێن، ئەگەر هێڵی ئنتەرنێت هەبێت و سانسۆری ڕژێمە زۆردار و دیکتاتۆرەکانیان لەسەر نەبن.
دەنگی ئەمەریکا هەرچەندە لە لایەن دەوڵەتی ئەمەریکاوە بودجەی بۆ دابین دەکرێت، بەڵام دەزگایەکی ڕاگەیاندنی سەربەخۆی بێ لایەنە و ئەرکی سەرەکی گەیاندنی ڕاستیەکانە، بە تایبەتی هەڵوێست و بیروبۆچون و تێڕوانینی حکومەتی ئەمەریکا لە بەرامبەر بابەتە ناوخۆیی و دەرەکیـیەکاندا.
ئەمساڵیش بەبۆنەی 25 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا و هەروەها 75 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەنگی ئەمەریکا بە گشتی، ژمارەیەک کاربەدەست و بەرپـرسی کوردی پـیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی دەنگی ئەمەریکا کردووە، بە تایبەتی بۆ بەشی کوردی.
ئێمەش وەکو بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا سوپاسی هەموو لایەک دەکەین و هیوادارین بتوانین سەرکەوتووانە کاری خۆمان ئەنجام بدەین.