Accessibility links

ترامپ و بایدن هەردووکیان بۆ ڕۆژی یادی 11 ی سپتەمبەردا دەچنە پەنسلڤانیا


سەرۆک دانۆڵد ترامپ و بەرهەڵستە دیموکراتەکەی جۆو بایدن یادی 19 ساڵەی هێرشەکانی 11ی سپتەمبەر لە ناوچەیەکی دووردەستی پەنسلڤانیا دەکەنەوە ئەو شوێنەی کە یەکێک لە فڕۆکە ڕفێنراوەکان تایدا کەوتە خوارەوە، کۆشکی سپی و هەڵمەتەکەی بایدن ڕۆژی چوارشەممە بەرنامەکەیان ڕاگەیاند.

هێشتا ڕوون نییە ئایە سەردانەکەیان بۆ شوێنی یادەوەرییەکە لە شانکسڤێڵ هاوکات دەبێت یان نا. بەڵام ڕەنگە نزیکترین بەرنامەیان بێت لەیەکەوە لە ماوەی چەند مانگی هەڵمەتەکانیاندا.

خزمەتگوزاری پارکی نیشتمانی، کە هاوئاهەنگە بۆ پێشکەشکردنی ئەو مەڕاسیمە ساڵانەیە، لەم ساڵدا پلانی کورتکردنەوەی مەڕاسیمەکەی هەیە بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئاژانسەکە پلانی بەرنامەیەکی 20 خولەکیی هەیە بۆ " ساتەوەختی یادکردنەوە" کە لە کاتژمێر 9:46ی سەر لەبەیانی دەستپێدەکات بەبێ ئەوەی کەسێکی سەرەکی قسە بکات یان بەرنامەیەکی میوزیکی هەبێت. بە پێی ماڵپەڕی ئاژانسەکە نێوی هەمو سەرنشینەکان و ئەندامانی دەستەی فڕۆکەوانی گەشتی 93 بە دەنگی بەرز دەخوێندرێنەوە.

گوتەبێژێکی کۆشکی سپی جەد دێر ڕایگەیاند سەرۆک و خانمی یەکەم میلانیا ترامپ سەردانی ئەو شوێنە دەکەن بۆ ڕێزلێنانی لەو کەسانەی کە لە ڕووداوەکانی 11 ی سپتەمبەری ساڵی 2001 گیانیان لەدەستدا. چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک ترامپ لێدوانێک بدات، هەرچەندە کۆشکی سپی و خزمەتگوزاری پارکەکەش دەستبەجێ تەواوی بەرنامەکانی یادەکەیان ڕانەگەیاندووە.

لە ساڵی 2016دا، ترامپ و هیلاری کڵنتن، کاندیدی ئەو کاتی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی، هەردووکیان 11 ی سپتەمبەریان لە نیویۆرک بەسەریان برد و هەردووکیان سەردانی مۆنۆمێنتی بەناوی Ground Zero یان لە مەنهاتن کرد. پاشان ڕۆژەکە بە ساتێکی گرنگی هەڵمەتەکە کۆتایی هات کاتێک کڵنتن لەناکاو مەراسیمەکەی جێهێشت، و گوتی زۆر گەرمایی بووە و لە گرتەیەکی ڤیدیۆیشدا دەرکەوت کە زۆر بە زەحمەت خۆی گەیاندە نێو ڤانێک.

جێگری سەرۆک مایک پێنس و کێرن‌ی هاوسەری بۆ یادی 11 ی سپتەمبەری ئەمساڵ سەردانی نیو یۆرک دەکەن.

یادگارگەی نیشتمانی گەشتی 93 لە کێڵگەیەکی 2،200 دۆنمدا لە ناوچەیەکی دووردەستی پێنسلڤانیا دروستکراوە، ئەو شوێنەی کە فڕۆکە ڕفنراوەکە تیایدا کەوتە خوارەوە هەر 40 کەسی نێو فڕۆکەکە گیانیان لەدەست دا. لە هەمان ڕۆژدا سێ فڕۆکەی تری ڕفێراو کەوتنە خوارێ دوانیان کێشای بە نێوەندی بازرگانی جیهانی لە نیو یۆرک و یەکێکیشان لە پەنتاگۆن. نزیکەی 3000 کەس لەو هێرشانەدا گیانیان لەدەست دا.

ئەمە دووهەم جارە ترامپ بۆ یادی 11 ی سپتەمبەر سەردانی ئەو شوێنە دەکات، و لە ساڵی 2017 و 2019 سەردانی پەنتاگۆنی کرد.

XS
SM
MD
LG