Accessibility links

دادگایەکی ئەمەریکا لەسەر سووتاندنی مزگەوتێک کەسێک سزای 24 ساڵ زیندانی دەدات


دادگایەکی ئەمەریکا سزای زیاتر لە 24 ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر ئەو کەسەی ساڵی ڕابردوو ئاگری بەردایە مزگەوتێک و سەنتەرێکی ئیسلامی لە ویلایەتی تەکساس.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی مارک پـێرێزی تەمەن 26 ساڵ، ئەوەی لە 28 ی مانگی یەکی ساڵی 2017 ئاگری بەردایە مزگەوت و سەنتەری ئیسلامی شاری ڤیکتۆریای باشوری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی تەکساس، لە لایەن دەستەیەکی سوێندخۆرانەوە بە تاوانکار دانرا و دادگا ئەو سزایەی بۆ بڕیار دا.

جۆن گۆر کاربەڕێکەری یاریدەدەری داواکاری گشتی لە دادگای ناوچەی باشوری تەکساس گوتی"هەموو کەسێک لەم وڵاتە مافی پەیڕەوکردنی ئاینی خۆی هەیە بە ئازادانە و بەبێ ترس لە توندوتیژی."

گوتیشی ئەم تاوانکارە هەستاوە بە ترساندنی کۆمەڵگەی موسڵمان لە شاری ڤیکتۆریا.

ئێدوارد میشێل کاربەدەست لە دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI ئەویش لای خۆیەوە گوتی ئەم سزایەی بۆ ئەم تاوانکارە بڕاوەتە نیشانی دەدات هیچ چاوپـۆشیـیەک ناکرێت لە ئاست تاوانەکانی ڕق و کینە. گوتیشی دەزگای FBI بەردەوام دەبێت لەوەی لێکۆڵینەوە بکات لە هەر پـێشێلکردنێکی مافە سیڤیلیـیەکان لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا.

جێی ئاماژەیە پاش ئەوەی مزگەوت و سەنتەری ئیسلامی ڤیکتۆریا سوتێنرا، بە هەزاران کەسی خێرخواز پارەیان بەخشی بۆ چاککردنەوەیان. زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار کۆکرایەوە و تەواوی شوێنەکە نۆژەنکرایەوە.

XS
SM
MD
LG