Accessibility links

ئایا تێکەڵکردنی ناوەکان تەنها هەڵەی زارەکییە یان نیشانەی کێشەیە؟


زۆرجار مێشکی مرۆڤ کێشەی هەیە لە بیرهێنانەوە و دەرهێنانی ناوەکان لە بەشە پڕکراوەکانی بیرەوەریدا، بەڵام ئەم فەرامۆشکردن و هەڵەی زارەکییە چ کات ئاسایین و چ کاتێک ڕەنگە نیشانەی کێشە بێت لە تواناییەکانی مێشکدا؟

توێژەرێکی دیاری بواری پیربوون بە ناوی ئێس جەی ئۆلشێنسکی لە زانکۆی ئێلینۆی لە شیکاگۆ دەڵێت "کاتێک کەسێک دەبینم لەسەر تەلەفیزۆن قسەکانی لێ تێکدەچێت، بەڕاستی زۆر نیگەران نابم. بەپێی زانست ئەوە زۆر ئاساییە، قسە لێتێکچوون بە دڵنیاییەوە بە فشاری دەرووینی و سترێس خراپتر دەبێت."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنی تەمەن 81 ساڵ، مێژوویەکی هەیە لە قسە تێکەڵکردن و لەبیرکردنی ناوەکاندا، بەڵام ئێستا سەنگێکی زیاتری چووەتە سەر دوای ئەوەی لێکۆڵەری تایبەتی وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا بڕیاریدا بایدن ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری نەکرێتەوە لەسەر مامەڵەکردنی لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکاندا، لە ڕاپۆرتەکەیدا لێکۆڵەرەکەی وەزارەتی داد ڕایگەیاندبوو بایدن پیاوێکی بە تەمەنە و کێشەی هەیە لە بیرهێنانەوەی بەروارەکان، تەنانەت لەگەڵ بەرواری ڕۆژی مردنی کوڕەکەشیدا.

ئەمەش توڕەیی بایدنی لێکەوتەوە و وتی "بیرەوەریم باشە." سەبارەت بە مردنی کوڕەکەشی لە ساڵی 2015 دا بەهۆی شێرپەنجەی مێشکەوە، وتی "بە ڕاستی کاتێک ئەو پرسیارەم لێکرا، بیرم کردەوە لە مێشکمدا و پێم وابوو ئەوە کێشەی ئێوە نیە."

بایدن تەنها کاندیدی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا نیە کە کێشەی هەبێت لە تێکەڵکردنی ناوەکاندا. سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کە ڕەنگە ببێتە ڕکابەری بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا، مانگی ڕابردوو ڕکابەرە سەرەکییەکەی، نیکی هەیڵی لەگەڵ سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسیدا تێکەڵ کرد.

شارەزایانی تەندروستی دەڵێن نە بۆچوونی پارێزەرێک و نە قسە لێتێکچوون دەریناخەن کە ئایا کەسێ کێشەی هەیە لە توانای مێشێکیدا یاخود نا. ئەوە پێویستی بە پشکنینی پزیشکی هەیە.

بەڵام هەندێک لەو لێتێکچوونانە لە هەر تەمەنێکدا بێت باون.

پزیشک ئێریک لێنزی لە زانکۆی واشنتن لە سەینت لویس کە هەڵسەنگاندن بۆ توانای مێشک دەکات لە بەساڵاچوواندا، وتی "بیرکەوتنەوەی ناوەکان بە ئاسانی لە کاتی خۆیدا قورسترین شتە بتوانین بیکەین."

هەندێک لە توێژینەوەکان دەریدەخەن کە " ناونانی هەڵە "ی ڕۆژانە ڕەنگە لە کاتێکدا ڕووبدات کە مێشک ناوەکانی بەپێی پیتەکان پۆڵێن کردبێت، وەک ئەندامانی خێزانەکەت یان ڕەنگە لە حاڵەتەکەی بایدندا کاتێک سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆنی کرد بە سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا فرانسوا میتران، لەبەرئەوەی هەردوو ناوەکە بە پیتی م دەستپێدەکەن.

سەبارەت بە بەروارەکانیش، هەستەکان دەتوانن کاریگەرییان لەسەر هەندێک لە بیرەوەرییەکان بێت، بۆ نموونە پرسیارەکانی لێکۆڵەرە تایبەتەکە سەبارەت بەوەی ئایا کەی بایدن مامەڵەی لەگەڵ سندووقی بەڵگەنامەکاندا کردووە.

لێنز وتی " دانانی ڕۆژمێرێک بە بۆنەیەکەوە لە ڕاستیدا شتێک نیە مێشکی مرۆڤ بتوانێت لە هەر تەمەنێکدا بێت بیکات."

ئۆلشێنسکی وتی ئەگەر ناو بێت یاخود بەروارێک یاخود هەر شتێکی دیکە، بیرهێنانەوە دەکرێت فشار و سەرقاڵی کاریی تێبکات، ئەگەر کەسێک بیر لە یەک شت زیاتر بکاتەوە. لە کاتێکیشدا هەمووان بەو ساتەدا تێپەڕیون کە شتێکییان بیرچووەتەوە و وتوویانە " لەسەر زمانمە "، قسە لێتێکچوون لەلایەن سەرۆکەکان و ئەوانەشەوە کە خەریکە دەبنە سەرۆک، زۆرجار لە تەلەفیزۆنەکان دەبیندرێن.

ئۆلشێنسکی سەیری تۆماری پێشکەشکارییەکانی خۆی دەکات لە کۆبوونەوەکانی زانستدا و دەڵێت "هیچ کاتێک نەبووە کە هەڵەیەکم نەکردبێت. من تەمەنم 69 ساڵە، ئەو تەمەنە بە پیر نازانم، بەڵام کاتێک تەمەنم 39 ساڵ بوو هەمان هەڵەم دەکرد."

لێنز وتی ئاساییە خەڵک بیر لەوە بکاتەوە کە ئایا سەرۆکەکانییان لە تەمەنەکانی حەفتاکان و هەشتاکاندا هێشتا توانای مێشکییان باشە یاخود نا، بەڵام بە گشتی ئەوەی دڵنیاییدەرە ئەوەیە کە ئایا کەسەکە بە گشتی ئەوەی دەیڵێت ڕاستە یاخود نا، سەرەڕای ئەوەی قسەیەکیشی لێتێکچووبێت.

هەندێک لەو کێشانەی دروست دەبن لە توانای مێشکدا لە کاتی پیریدا ئاسایین، بۆ نموونە کاتێک درەنگ شتت بیر دەکەوێتەوە. مێشکی خەڵکەکە بە شێوەیەکی جیاواز پیر دەبن، تەندروستی دڵ و فشاری خوێن و چالاکی جەستەیی ڕۆڵییان هەیە لە تەندروستی مێشکدا.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG